سپالێتی: باشبوو مێسی یاری نه‌كرد ئه‌گه‌رنا ئه‌نجامه‌كه‌ قورستر ده‌بوو

سپالێتی هۆكاری شكستی یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا ئاشكرا كرد

دوای ئه‌وه‌ی ئینته‌ر میلان له‌ نێو یاریگه‌ی كامپ نوو به‌ 2 گۆڵێ بێوه‌ڵام به‌ بارسێلۆنا دۆڕا، راهێنه‌ری یانه‌ ئیتاڵییایه‌كه‌ هۆكاری شكستی یانه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و گوتیشی: ئه‌گه‌ر لیۆنێل مێسی یاری كردبا شكسته‌كه‌مان قورستر ده‌بوو.

لۆچیانۆ سپالێتی راهێنه‌ری یانه‌ی ئینته‌ر میلان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ خێرایی یاریكردنی یاریزانانی بارسێلۆنا شكستی به‌ پلانه‌كانمان هێنا.

سپالێتی راهێنه‌ر ئینته‌ر گوتیشی: كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆشایی له‌به‌رده‌م ئێمه‌دا و شێوازی خێرایی یاریكردنی بارسا كاری ئێمه‌ی زه‌حمه‌ت كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌سوود بۆ یانه‌ی بارسا شكانده‌وه‌.

سپالێتی ده‌شڵێت: بارسێلۆنا ئاستێكی نایابی پێشكه‌ش كرد و ئێمه‌ش رۆژێكی خراپمان تێپه‌ڕ كرد و نه‌مانتوانی به‌ ئاستی خۆمان ده‌ربكه‌وین.

راهێنه‌ری ئینته‌ر میلان گوتیشی: ئه‌گه‌ربته‌وێت شكست به‌ بارسێلۆنا بهێنیت ده‌بێت تۆپ زیاتر لای خۆت بهێڵیته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ت پێ نه‌كرا شكست چاوه‌ڕێت ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وكات به‌بێ هیچ چاره‌سه‌ر و سوودێك ده‌بێت وزه‌یه‌كی زۆر خه‌رج بكه‌یت و به‌رده‌وام به‌ دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی تۆپ رابكه‌یت.

راهێنه‌ری ئینته‌ر میلان له پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا ستایشی رافینها ئالكانتارای یاریزانی بارسێلۆنای كرد و گوتی: ئه‌و یاریزانه‌ وه‌رزی رابردوو به‌شێوه‌ی خواستن یاری بۆ ئێمه‌ كرد و هۆكاریش بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئینته‌ر میلان بۆ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا، به‌س به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانی ئه‌و یاریزانه‌ له‌ یانه‌كه‌مان بهێڵینه‌وه‌.