دوای مۆڵه‌تی شۆفێری هاووڵاتییانی هه‌ڵه‌بجه‌ چاویان له‌ تابلۆی ئۆتۆمبێله‌ به‌ناوی پارێزگاكه‌یان

له‌مه‌ودوا شۆفێرانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پارێزگاكه‌ی خۆیان مۆڵه‌تی شۆفێری ده‌رده‌هێنن

K24 - هه‌ڵه‌بجه‌:

دوای چوارساڵ لە بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، وردەوردە ئەم پارێزگایە لەسەر پێیی خۆی دەوەستێ، وەک ھەنگاوی یەکەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هاتووچۆی ئەوشارە دەستیکردووە به‌ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ھاووڵاتیانی شاری ھەڵەبجە پێشتر مۆڵەتەکانیان لەپارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان وەردەگرت.

کۆمەڵێك ھاووڵاتی چاوڕوانی ھاتنی ئەفسەری ھاتوچۆن تاکو تاقیکردنەوەی پراکتیکی ئەنجام بدەن، وەک خاوەن نووسینگەیه‌كی شۆفێری دەڵێت: "پێدانی موڵەتی شۆفێری بەھاووڵاتیانی ھەڵەبجە وەك پارێزگایەکی سەربەخۆ بارگرانی لەسەر ھاووڵاتیان کەمکردووەتەوە، چونکە پێشووتر بۆ تازەکردنەوە و پێدانی موڵەت سەرجەم رێکارەکان دەبووايه‌ سەردانی سلێمانی بکەن".

وتەبێژی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەڵەبجە رایگەیاند، سەرجەم رێکارە یاسایيەکانی کۆتايیپێھاتووە و ئێستا ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە دەتوانن بۆ وەرگرتن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری سەردانی بەڕێوبەرایەتیەکەیان بکەن.

لەپاش بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بەشێوەیەکی فەرمی، دەستکرا بە ھێنانەوەی زۆرێک لە بەڕێوبەرایەتیيە گشتیيەکانی حکوومەتی ھەرێم و کردنەوەی چەند فەرمانگەیەکی حکوومەتی عێراق لە شاری ھەڵەبجە، تاوەکو ھاووڵاتیان بتوانن بەشێوەکی ئاسان کاروبارەکانیان ئەنجام بدەن.

لە ئێستاشدا, بەڕێوەبەڕایەتی ھاتووچۆی ھەڵەبجە دەستیکردووە بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری و مۆڵەتی ماتۆڕ سکیل، بەڵام ئێستا ئەوەی گرنگە بەلای ھاووڵاتیانی پارێزگاكه‌ ئەوەیە, ئاخۆ کەی تابلۆی ئۆتۆمبێل کەتایبەت بێ بەپارێزگای ھەڵەبجە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.