چین گاڵته به تره‌مپ ده‌كات و ئامۆژگاری ده‌كات هواوی به‌كاربهێنێت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین، دوو پێشنیاز بۆ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، ئه‌گه‌ر ترسی له گوێگرتنی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی هه‌یه له رێگه‌ی ئایفۆن، ئه‌وا یان ئامێری هواوی چینی به‌كاربهێنێت، یانیش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه بپچڕێنێت.
پێشنیازه‌كان دوای راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز هاتن، كه تێیدا ئاشكرای كردبوو، هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سیخوڕه چینی و رووسییه‌كان گوێ له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا راده‌گرن، كاتێك به ئامێری ئایفۆنی كۆمپانیای ئه‌پلی ئه‌مه‌ریكی قسه ده‌كات.
به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه، چه‌ندین جار راوێژكاره‌كانی كۆشكی سپی پێشنیازییان كردووه تره‌مپ ده‌سته‌به‌رداری مۆبایل ببێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تره‌مپ بڕوای به‌وه هه‌یه، هێلی ته‌له‌فۆنی زه‌مینی پارێزراوتره، به‌ڵام تا ئێستاش ده‌سته‌به‌رداری مۆبایل نه‌بووه.
رۆژێك دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ش، واتا 25ی ئۆكتۆبه‌ر، تره‌مپ رۆژنامه‌كه‌ی به درۆ هێنایه‌وه و رایگه‌یاند، زانیارییه‌كانی راست نین و راپۆرته‌كه‌ش "درێژ و بێزاركه‌ره".
له‌و باره‌یه‌وه تره‌مپ له تویته‌ره‌كه‌ی خۆی نووسیویه‌تی: "ته‌نها ته‌له‌فۆنه حكوومییه‌كان به‌كارده‌هێنم، مۆبایلی تایبه‌تیشم هه‌یه به‌ڵام زۆركه‌م كاری پێده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا راپۆرته‌كه هه‌ڵه‌یه".
هه‌روه‌ها نووسیبووی: "زۆر كه‌م مۆبایل به‌كارده‌هێنم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش رێگه‌پێدراوه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، زیاتر حه‌زم له به‌كارهێنانی ته‌له‌فۆنی هێلی زه‌مینییه، ئه‌و رۆژنامه‌یه ته‌نها هه‌واڵی ناڕاست بڵاوده‌كاته‌وه".
لای خۆیه‌وه، هوا چۆن یینگ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "كاتێك راپۆرته‌كه ده‌خوێنمه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م هه‌ندێك خه‌ڵك له ئه‌مه‌ریكا هه‌ن، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین سیناریۆ به‌ده‌ستبهێنن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و جۆره راپۆرتانه، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، هه‌واڵی درۆ بڵاوده‌كاته‌وه".
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له زاری دوو به‌رپرسی ئێستا و پێشوو، بڵاویكردووه‌ته‌وه، چین له چه‌ند رێگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه گوێ له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی تره‌مپ راده‌گرێت، به‌تایبه‌تیش كاتێك له رێگه‌ی مۆبایله‌وه په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كات، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ش ده‌زانێت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و راوێژكاره‌كانی چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌مان شێوه‌ی كاریگه‌رییان بخه‌نه سه‌ر.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، له چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی بیانییه‌وه زانیویانه چین و رووسیا گوێ له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی تره‌مپ راده‌گرن.
له‌و باره‌یه‌وه گومانه‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر كۆمپانیای هواوی له ئه‌مه‌ریكا، كه به‌رپرسانی هه‌واڵگری و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته، نیگه‌رانی خۆیان له‌و كۆمپانیایه ده‌ربڕیوه به‌وه‌ی دیلی ده‌ستی حكوومه‌تی چین و حزبی شیوعی ئه‌و وڵاته‌یه و بۆ سیخوڕیكردن مه‌ترسیداره.
سه‌رچاوه: مۆنتی كارلۆ
ئ. م