دادگا وەڵامی تانەی لایەنەكان دەداتەوە

تانەی لایەنەكان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەیە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

تانەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان گەیشتنە دەست دادگای پێداچوونەوە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەنجوومەنی دادوەری ھەموو سكاڵاكان یەكلابكاتەوە و ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسند بكات، بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24 ھەر پێنج حزبە سەرەكییەكەی ھەرێمی كوردستان تانەیان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن داوە، بەشی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش پێیوایە ھیچ گۆڕانكارییەك لە ئەنجامەكان روونادات.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وادەی تانە لێدان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن تەواو بووە و سەرجەم داتاكان وەردەگرین، تانەكان براون بۆ دادگای پێداچوونەوە، پێیان گوتراوە وێنەیەك بدەن بە كۆمسیۆن، بەڵام بە بڕوای ئێمە ھەموویان نەگەڕاونەتەوە كۆمسیۆن".

کوردستان24 بۆ زانینی ژمارەی تانەکان و کاتی راگەیاندنی پەسندکردنی ئەنجامەکان، پەیوەندی بە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام بەبیانووی تەوانەبوونی کارەکان ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەك بدرکێنن. کوردستان24 زانیویەتی، کە ئەنجوومەنی دادوەری بەشێکی زۆری سکاڵاکانی یەکلاکردوەتەوە و نیازی هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکان پەسندبکات، پارتیش پێوایە ئەنجامەکان وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

هاوار مەحەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ماوەی 10 رۆژ دیاركراوە، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا لەسەر بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە ھەرێمی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، ئەگەر سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریش بڕیاری نەدا، پەرلەمانی كوردستان بۆی ھەیە دوای 10 رۆژ كۆببێتەوە".

 

شەوی 20/10/2018، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوكردەوە. ماوەی سێ رۆژ لەبەردەست لایەنەکان بوو تا تانە لە ئەنجامەکان بدەنن. 6/11/2018  ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و کە ئەگەر تا ئەوکات خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

ھ.م