یەکێتی شاندێك بۆ گفتوگۆکردن ئامادە دەكات
K24 - سلێمانی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەشداری حزبەکەیان لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتی پێکھێنانی ئەو حکوومەتە، شاندێك پێکدەھێنێت. کوردستان24 وردەکاری پێکھێنانی شاندەکە و کارەکانی دەخاتەڕوو.
بە گوێرەی زانیارییەكانی کوردستان24، شاندەکەی یەکێتی بەشێك لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی بەشدارن. بهگوێرهی زانیارییهكان عومەر فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرۆکایەتی شاندهكه دهکات، بڕیاره دوای گفتوگۆ یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان، شاندهكه دەرئەنجامەکان بۆ بڕیاردان بخاته بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەكەی.
عەدنان حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیار دراوە دوو لیژنە پێكبھێنرێت، یەكێكیان بۆ گفتوگۆكانی بەغدا و ئەوەی دیكەشیان بۆ ھەرێمی كوردستان، ئەو لیژنەیە ئەجندای خۆی ھەیە، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی كە یەكێتی دایناوە".
گوتیشی: "شاندی یەكێتی بۆ گفتوگۆ لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پێكھاتوون".
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ئهركی له پێشینهی داڕشتنی بەرنامە و سیاسەتی یەکێتییه، تایبەت بەم پرسەش ئەو ئەنجوومەنە تهنیا بهشداریان له داڕشتنی كارو بهرنامهی شاندهكه كردووه بێ ئهوهی هیچ ئهندامێكیان له شاندهكه ههبێت.
لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی دەڵێت: "یەكێتی لە دوا كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریداوە زەمینەسازی بكات، بۆ ئەنجامدانی دانووسانێكی بەرپرسیارانە لەگەڵ پارتی و ھێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، بە مەبەستی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان و رێكخستنی نێو ماڵی كورد، ھەروەھا تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ناھەموارەو خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان".
راشیگەیاند: "وەك ئەنجوومەنی ناوەند نەك ھەر پشتگیری لە سیاسەتی فەرمی یەكێتی دەكەین، بەڵكو بەشدارین لە داڕشتنی ئەو سیاسەتە و نوێنەری ئەنجوومەنی ناوەند بەشدارە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی".
یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لە ھەڵبژاردنی پێنجهمین خوولی پهرلهمانی كوردستان كە لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، توانی 21 کورسی بەدەست بھێنێت و رێژەی کورسیەکانی زیاد بکات ، ھەرچەندە ئەو حزبە داوای ھاوبەشی راستەقینە دەکات لە حکوومەتی داھاتوودا، بەڵام لایەنی براوەی یهكهم، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە پێشتر رایگەیاندووە، ھەر لایەنێک بە پێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ھ.م