متمانه به 8 وه‌زیره‌كه‌ی دیكه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق ده‌درێت
K24 - هه‌ولێر:
كامل دلێمی، سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له عێراق، له‌باره‌ی واده‌ی متمانه‌دان به وه‌زیره‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی عێراق كه تا ئێستا وه‌زاره‌ته‌كانیان بێ وه‌زیره راگه‌یاند: "رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زیرانه‌ی دیكه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌دات كه تا ئێستا دیاری نه‌كراوون".
دلێمی به كه‌ناڵی "روسیا الیوم"ـی گوتووه: "وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ له سه‌روبه‌ندی یه‌كلاییكردنه‌وه‌یاندان و نیمچه رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر دوو ناو له نێوان كوتله سیاسییه‌كاندا كراوه، وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ هاوپه‌یمانی بونیادنانه‌وه‌و چاكسازی و ناوخۆ بۆ هاوپه‌یمانی بنیات ده‌بێت".
دلێمی گوتوویه‌تی: "له‌باره‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش نیمچه رێككه‌وتن له‌نێوان كوتله سیاسییه‌كان كراوه‌و له دانیشتنی په‌رله‌مان كه رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌نگدان بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و 8 وه‌زیره‌ی تا ئێستا ماون به‌ڕێوه ده‌چێت".
ئه‌وه له كاتێكدایه هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌ی به‌خشییه عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و 14 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی، به‌ڵام هێشتا پۆستی 8 وه‌زاره‌ت ماوه پڕبكرێنه‌وه.