سبهى كانديده دهرچووهكانى پهرلهمان سوێندى ياسايى دهخۆن
K24 – سلێمانى:
بڕیارە سبەی کاندیدە دەرچووەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی بخۆن و وەک پەرلەمانتار دەست بەکاربن، بەڵام بەھۆی رێکنەکەوتنی پێش وەختەی لایەنە سیاسییەکان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵنابژێردرێت و دوادەخرێت بۆ دوای گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان.
رێڤینگ هروری، کاندیدێکی دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن، لیژنەیەکی لەئاستی باڵا پێکھێناوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکان، تا بە زوويی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت پێکبێت.
بەرپرسانی پارتى نایشارنەوە تا رێكکهوتن نهكرێت دەستەی سەرۆکایەتی پێک نایەت، چونکە رایان وایە جیاوازی ھەڵبژاردنی ئەمجارە زۆرە لەگەڵ خولەکانی پێشوو.
بەگوێرەی ماددەی 10 له پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتی بریتی دەبێت لە سەرۆک و دوو جێگر، لە ماددەی سێەمیشدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوه، یەکەمین دانیشتن بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین کاندیدی دەرچوو دەبەسترێت تا کاندیدان سوێند بخۆن و دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرێت، بۆیە لەیەکەمین دانیشتن ئەو پرسە یەکلا نابێتەوە، چونکە شەڕی ئەمجارەی لایەنەکان زیاتر لە سەر وەرگرتنی پۆستەکانە.