گۆڕان و كۆمه‌ڵ چاوه‌ڕێی سه‌ردانی شاندی پارتین

گۆڕان چاوی له‌ به‌شداریكردنی حكوومه‌ته‌ و كۆمه‌ڵیش بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز به‌باش ده‌زانێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و لێدوانانه‌ی له‌ به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌یبیستین، به‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئه‌و دوو حیزبه‌ نازانین و چاوه‌ڕێی سه‌ردانی شاندی پارتین بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌هرۆز عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی گۆڕان له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: "ئێمه‌ به‌وه‌ له‌ لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی تێگه‌یشتووین، كه‌ نابێت كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت بنكه‌فراوانێكی ره‌ها بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان حكوومه‌تێكه‌ كه‌ لایه‌نه‌ براوه‌كان پێكی بهێنن و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رپرسانی ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌یبیستین رای تایبه‌تی خۆیانه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌دا نین هه‌ڵوێستی فه‌رمی حزبه‌كانیان بێت".

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ حكوومه‌تی داهاتوو، دووپاتیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ وه‌ك براوه‌ی سێیه‌می هه‌ڵبژاردن، پێمانباشه‌ به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ین".

هه‌رچی كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌كرێن به‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی و یه‌كێتی نازانین، چونكه‌ هێشتا شاندی فه‌رمی پارتی سه‌ردانی ئێمه‌ی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش بڕیاری پێشوه‌خته‌ ناده‌ین".

له‌مباره‌شه‌وه‌ دارا محه‌مه‌د، ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی گوتی: "باشترین حكوومه‌ت ئه‌و حكوومه‌ته‌یه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، حكوومه‌تی بنكه‌فراوانیش خرابترین جۆریه‌تی، چونكه‌ له‌ حكوومه‌تی بنكه‌ فراوان هیچ كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئیداره‌دان نامێنێته‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكات و ره‌خنه‌ بگرێت".

لایەنە سیاسیەکان ئامادەسازی دەکەن بۆ پێشوازی لە وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێک ھێنانی کابینەی داھاتوی حکومەت ده‌كه‌ن، چونکە پارتی وەک ھێزی یەکەمی ھەڵبژاردن ئەرکی پێک ھێنانی حکومەتی دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام پارتی ئەمجارە ھەر لەسەرەتاوە مەرجی ئەوەی ھەیە کە حکومەتی بنکە فراوان دروست ناکات و لەگەڵی نیە.

H.B