قه‌ڵادزێ.. نارنجۆكێك هه‌ڵدرایه‌ ناو ماڵی هاووڵاتییه‌ك

"رووداوی ته‌قه‌كردن و هه‌ڵدانی نارنجۆك بۆ ناو ماڵان زۆر بووه‌"

K24 - راپه‌ڕین:

لە گەڕەكی راپەڕینی قەڵادزێ، نارنجۆكێك فڕێدرایه‌ حەوشەی ماڵی هاووڵاتیەك، به‌ ناوی ئومێد حاجی محمد چەکوانی، كه‌ پێشمه‌رگه‌ی پارتییه‌ و لە بنەماڵەیەکی ناسراوی پشدەرن، هه‌رچه‌نده به‌هۆی رووداوه‌كه‌‌ زیانی گیانی و ماددی نه‌بووه‌، به‌ڵام پۆلیسی راپه‌ڕین ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌.

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ راپه‌ڕین رایگه‌یاند، رووداوەکە زیانی گیانی و مادی نەبووه‌ و پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردوە، تائێستاش هیچ كەس  لەسەر رووداوەكە دەستگیرنەكراوە.

ئاسایشی راپەڕین له‌ باره‌ی رووداوه‌کە دەڵێت: "ماوەیەکە لەو جۆرە رووداوانە لە قەڵادزێ روودەدەن و ئێستا لەسەرەتای لێکۆڵینەوەی رووداوەکەدان".

عەقید محمد فازڵ گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین بۆ كوردستان 24 ئاشکرای دەکات، پێدەچێت رووداوەکە "کێشەی کۆمەڵایەتی" بێت.

ئاماژە بەوەش دەکات رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و لەماوەی دوو مانگی رابردووشدا ئەوە چەندینجاره‌ رووداوی تەقەکردن لە ماڵان و  فڕێدانی نارنجۆکە لە قەڵادزێ رووده‌ده‌ن.

گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت: "دۆسییه‌یان بۆ رووداوەکە کردووه‌تەوە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن".

بە گوتەی شایەتحاڵەکانیش، كه‌ بۆ په‌یامنێری كوردستان 24 قسه‌یان كردووه‌، کەسێك کە ماتۆڕسکیلی پێبووە نارنجۆکەکەی هەڵداوە.

ئ. م