باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر كرا

باندەكە لە چوار كەس پێكھاتوون

K24 - رانیە

هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین چوار کەسیان دەستگیر كرد، کە تۆمەتبارن بە دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لە سنورەکە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە كوردستان24 راگەیاند: "دەستگیرکردنی ئەو باندە لەسەر سکاڵای چەند هاووڵاتیەك بووە کە پێشتر سکاڵایان لای پۆلیس تۆمارکردبوو، بەوەی ئۆتۆمبێلیان لێدزراوە".

گوتیشی: "ئەو باندە چەكیان پێبووە و لەكاتی دزینی یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان، خاوەنەكەشیان ئەشكەنجە داوە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاشكراشی كرد: "ئەو كەسانە بەناوەکانی (پ.ع) و (ب.ش) و (ر.ب) و (و،ب)  هەموویان تەمەنیان لە سەروی هەژدە ساڵیە و لە رەگەزی نێرن، دوای دەستگیرکردنیشیان دانیان ناوە بە تاوانەکانیان کە هەستاون بە دزین و دوو ئۆتۆمبیل".

راشیگەیاند: "تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 442 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".