له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا شاندى پارتى بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان پێكده‌هێنرێت

بەرێگەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانەوە گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان كراوە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ھەرچەندە بەرێگەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانەوە گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام ئەندامی سەركردایەتی پارتی ديموكراتى كوردستان، بڵند ئيسماعيل رايگه‌ياند، بڕیاری یەكلاكەرەوە لە كۆبوونەوەی فەرمی دەدرێت و بەم زووانەش شاندێكی پارتی بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان پێكدێت.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، كۆمەڵی ئیسلامی ئامادە نییە پێش رووداوەكان بكەوێت و چاوەڕێی ئاشكراكردنی كارنامەی حكومەتی نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بڕیاردان به‌رچاو روون بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌ليم كۆيى ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى ئه‌و حزبه‌ باسيكرد.

له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌، یەكەم كۆبوونه‌وه‌ی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەیی ھێڵراوەتەوە، تا ئەوكاتەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ھەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان رێكدەكەون، پارتی لە ئامادەكاریدایە بۆ پێكھێنانی شاندێكی دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان، بەشێك لە حزبەكانی دیكەش لە چاوەڕوانی بینینی كارنامەی پێكھێنانی حكومەت ماونەتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى پێكهاته‌كانيش، لە پێكھێنانی حكومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان رۆڵی بەرچاو بە پێكھاتەكان دەدرێت و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، عه‌لى حوسێن ئاشكرایكرد، پێدانی رۆڵ بە پێكھاتەكان لەژێر فشاری نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو پرەنسیپی پارتی ئەوەیە بەشداری راستەقینە بە پێكھاتەكان بكات. 

له‌ باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌، له‌ ميانى به‌شداريكردنى له‌ ژوورى هه‌واڵى كوردستان24، محه‌مه‌د ئیلخانی، سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی، ره‌خنه‌ى له‌ په‌راوێزخستنى رۆڵى پێكهاته‌كان گرت و داوايكرد، وه‌ك هاوبه‌شى راسته‌قينه‌ به‌شدارى به‌ پێكهاته‌كان بكرێت.

ئيلخانى گوتيشى: له‌ كابينه‌كانى پێشووى حكومه‌تدا توركمانه‌كان په‌راوێزخراو بوون و ئێستاش هه‌وڵمان ئه‌وه‌يه‌ به‌ كرده‌وه‌ ببينه‌ هاوبه‌ش و به‌شدارى له‌ به‌ڕێوبردنى وڵاتدا بكه‌ين.