دوای ساڵێك له‌ رووخانی خه‌لافه‌ت هێشتا 1.8 ملیۆن عێراقی ئاواره‌ن

"له‌ خانووێكی هه‌زار مه‌تری هاتوومه‌ته‌ چادرێكی 5 مه‌تری"
kurdistan24.net

K24 - مووسڵ:

ساندرا بلاك گوتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق، بە کوردستان 24ی گوت هێشتا ملیۆنێك و 800هەزار ئاوارە نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەکانیان کە زۆرینەیان خەڵکی مووسڵ و شنگالن.

به‌ گوێره‌ی به‌ دواداچوونه‌كانی كوردستان 24، ئاوارەکان هۆکاری نەگەڕانەوە بۆ پاڵنەری جیاواز دەگەڕێننەوە، هەندێك دەڵێن حکوومەتی عێراق رێگرە لە گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان، هەندێکی دیکەش پێیانوایە ژیان لە کەمپ سەدان جار خۆشترە، لەو شارانەی وێران بوون و هیچ خزمەتگوزاریی و ئارامییەكیان تیادا نییە.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ نزیكه‌ی ساڵێك زیاتره‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له‌ عێراق رووخاوه‌ و سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووش له‌ دیسه‌مبه‌ری 2017 وتاری كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش له‌ عێراق خوێنده‌وه‌.

یه‌كێك له‌ ئاواره‌كانی مووسڵ، كه‌ له‌ كه‌مپ ده‌ژی، بۆ كوردستان 24 گوتی: "دۆخمان لەم کەمپە باش نییە، هاوین گەرمامانە و زستان سەرمامانە، حکوومەتی عێراق رێگە نادات بگەڕێینەوە بۆ گوندەکانی خۆمان".

هه‌روه‌ها گوتی: "چوار ساڵە ئێمە ئاوارەین و جووتیاریمان نەکردووە، کاتی خۆی خاوەنی هەموو شتێک بووین لێرە هیچمان نەماوە و توانای کڕینی مریشکێکمان نییە، خوێندن لێرە نییە باوەڕ بکەن لە چوار سەد قوتابی ئامادەیی تەنها یەکیان دەرچووە، ئێمە ناچار بەم چادرە کراوین، دەنا کاتی خۆی خانووی من هەزار مەتر بوو کەچی ئێستا لەم چادرەدام کە تەنها پێنج مەترە".

بەشێک لە ئاوارەکان ژیانی پڕ لە دەردەسەری ناوکەمپیان زۆر پێ باشترە لە گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی پێیدەڵێن شاری مووسڵ، وەك یه‌كێك له‌ ئاواره‌كان باسی ده‌كات، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ مووسڵ، دیسان بارگەی پێچاوەتەوە و رووی لە کەمپ کردووە.

مه‌ڕوان شه‌هاب، ئاواره‌یه‌كی مووسڵه‌ و ده‌ڵێت: " گەڕامەوە مووسڵ، بەڵام لە مووسڵ دۆخەکە زۆر لە کەمپ خراپتر بووـ هەر بۆیە گەڕامەوە کەمپ، من لە مووسڵ ماڵەکەم وێران ببوو، کارەبا نەبوو، دۆخی ئەمنی مووسڵ زۆر خراپە، ئیستاش داعش لە مووسڵ ماوە، خواردن نییە، کار نییە، لێرە هیچ نەبێ هەشت کاتژمێر کارەبا هەیە، لە مووسڵ ئەوەش نەبوو، خەڵک بەو شێوەیە نایەوێ بگەڕێتەوە".

له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، ساندرا بلاك، گوتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق ده‌ڵێت: "زۆر دڵخۆشین بەوەی زیاتر لە چوار ملیۆن عێراقی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، بەڵام هێشتا ملیۆنێک و 800 هەزار عێراقی ماون و ناتوانن بگەڕێنەوە".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئەوان بە هۆکاری جیاواز ناگەڕێنەوە، هەندێک جێگا لەبەر ئەوەی زیانی گەورەی بەرکەوتووە و بە تەواوی وێران بووە خەڵکەکەی ناگەڕێنەوە، هەندێک لە ئاوارەکان بەهۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنی ناتوانن بگەڕێنەوە و هەندێکیش بەهۆی نەبوونی کار و پاکنەکردنەوەی هەندێك ناوچە لە مین و تەقەمەنی".

لە تەواوی عێراقدا زیاتر لە 40 کەمپی پەنابەران هەیە، ئاوارەکانی مووسڵ و دەوروبەری کە بەشی زۆریان لە کوردستانن، تەنها کەمێکی چیرۆکەکەن، چونکە جیا لەوان کە ژمارەیان نزیكه‌ی 2 ملیۆنه‌، 250 هەزار ئاوارەی دیکە هەن کە هەڵگری رەگەزنامەی سوورین.