عاسم جیهاد: هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك پەیوەندی بە سزاکانی سەر ئێران نییە

"ھەنگاوێكە بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا"
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان پەیوەندی بە سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران هەبێت.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند: "هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك ئەنجامی گفتوگۆییەکی قووڵی نێوان هەولێر و بەغدا بووە و یەکەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "رێککەوتنێکی سەرەتایی لە نێوان حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە، بە گوێرەی رێککەوتنەکە بڕێك نەوت هەناردە دەکرێت، رێژەکەی لە نێوان 50 تا 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت لە رێگەی ئەو بۆرییە نەوتەی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راکێشراوە و لەوێشەوە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی عێراق "سۆمۆ" سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی عێراقی لە بەندەری جەیهان دەکات. ئەمەش هەنگاوێکە لەسەر رێگەی راست بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان حکوومەتی ناوەند و هەرێم".

عاسم جیهاد، گوتیشی: "ئەم رێککەوتنە  پەیوەندی بە سزاکانی سەر ئێرانەوە نییە، چونکە پێشتر نەوتی عێراقی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا، دواتر بەهۆی چەند کێشەیەك وەستێندرا. رووداوە تیرۆرستییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین هۆکارێک بوون. ئێستا وەزارەتی نەوت کار لەسەر دروستکردنی بۆڕییەکی دیکەی نەوتی لەسەر هەمان رێگە دەدات بە قەبارەی ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا".

ھ.م