پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك دەبێتە گرێ كوێرە

راكان جبووری ھێشتا دەستبەرداری پۆستەكەی نەبووە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

نیگەرانییەکانی خەڵکی کەرکووك لە بەرامبەر دۆخی شاره‌كه‌یان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووکیش ئەگەرچی لە ماوەی یاسایی نزیک دەبێتەوە بۆ جێهێشتنی پۆستەکەی، بەڵام تاکو ئێستا لایەنە سیاسسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دانانی کەسێك لەسەر ئەو پۆستە، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت، بەرەوپێشچوونی باش هەیە هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە چڕکراونەتەوە.

مۆڵەتەکەی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووك، بۆ دەستبەردار بوونی لە پۆستەکەی لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئەگەرچی یەکێتی و پارتی تاکو ئێستا لەسەر دانانی کەسێك بۆ ئەو پۆستە رێکنەکەوتوون، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بەرەوپێشچوون بۆ ئەو بابەتە هەیە و پێدەچێت لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەو بابەتە بکرێت.

دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەکێتی بە كوردستان24 گوت: "ھەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك، بێگومان بە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەبێت و ھەنگاوی باش لەوبارەوە نراوە".

بە مانەوەی دەسەڵاتی راکان جبووری، کورد زیاتر لە كەركووك پەراوێز دەخرێت، بارودۆخەکەش وادەخوازێت کورد چیتر کات بەفیڕۆ نەدات و باری سەرشانی هاووڵاتیانی سووك بکات، چونکە نیگەرانییەکانی خەڵك گەیشتونەتە لوتکە.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی كەركووك بەناوی سەهەند کوردی دەڵێ: "كوردی ئەم شارە بێ دەسەڵات كراوە، 16 ئۆكتۆبەر وەك ھەندێك كەس باسی دەكەن ئەگەر لەپێناو بە كوشت نەدان و ئارامی خەڵك بووە، ئەی بۆچی 84 پێشمەرگە شەھید بوون و سەدان ماڵ تاران كرا و ئاوارەكران، بۆچی پۆستی پارێزگار و چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی دیكەی كورد لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە".

دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووك، دوای رێککەوتنی لایەنەکان پێویستی بە گەڕانەوەی ئەندامانی لیستی برایەتی و کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك هەیە، ئەوکات پێشبینی دەکرێت پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندی کورد بگۆڕێت.