"كریستیانۆ به‌هۆی رۆیشتنی له‌ ریال مه‌درید یه‌كه‌مین قوربانی دا"

هه‌موو شتێك ئاشكرا بوو، خه‌ڵاتی تۆپی زێرین له‌ نێوان ئه‌م 3 یاریزانه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌

ناوی 3 به‌ربژێری كۆتایی بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر له‌ لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندن له‌ وڵاتانی فره‌نسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بڵاو كرایه‌وه‌ و زانیاری دزه‌كراویان ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (مباپێ، ڤاران و مۆدریچ) كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ردا كریستیانۆ به‌هۆی دووخرانه‌وه‌ی له‌ گۆڤاری فرانس فوبتۆڵ توڕه‌یه‌.

رۆژنامه‌ی توتوسپۆرتی نزیك له‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس گاڵته‌ی به‌ یه‌كێك له‌ به‌ربژێره‌كانی باڵۆن دۆر كردووه‌ و نووسیویه‌تی: ڤاران كێیه‌؟

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ زوڵمێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ كریستیانۆ ناوی له‌ ریزی به‌ربژێره‌كان نه‌بێت.

رۆژنامه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ كریستیانۆ له‌ گۆڤاری فرانس فوبتۆڵ توڕه‌یه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: توڕه‌بوونی كریستیانۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندی یوڤێنتۆسه‌، چونكه‌ ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ له‌م وه‌رزه‌ پیشانی هه‌موولایه‌كی ده‌دات كه‌ كێ باشترین یاریزانی جیهانه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، رۆژنامه‌ی كۆڕێرۆ و دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵیاش به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ باسی دووخرانه‌وه‌ی كریستیانۆ و مێسی كردووه‌.

نووسیویه‌تی: دوورخرانه‌وه‌ی كریستیانۆ له‌ خه‌ڵاته‌كه‌، به‌هۆی رۆیشتنی بووه‌ له‌ ریال مه‌درید.

لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵیاش ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه‌ كه‌ مباپێ، ڤاران و مۆدریچ بۆ خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ربژێرن و كریستیانۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كێبڕكێیه‌كانه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، رۆژنامه‌ی لیكیپی فره‌نسا و پرۆگرامی چرینگینتۆی ئیسپانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ مێسی، كریستیانۆ و گریزمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌كۆی به‌خشینی خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی 2018 ده‌بن و خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ نێوان مباپێ، ڤاران و مۆدریچ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.