كورد ده‌يه‌وێت پشكى له‌ بودجه‌ى عێراق بگاته‌ له‌ سه‌دا 14

ھێشتا ئەم رێژەیە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ناكات
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

كورد ھەوڵ دەدات بەشی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق بۆ سەدا 14 زیاد بكات، بەڵام ئەندامی ليژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، نه‌جيبه‌ نه‌جيب رايگه‌ياند، ھێشتا ئەم رێژەیە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ناكات، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت: لەسەر حكومەت پێویستە پشت بەخۆی ببەستێت وەك ئەوەی كە بەغدا ھەر نەبێت.

لەبەرامبەر زیادکردنی ئەم بڕە، بەغدا داوا دەکات هەولێر رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست بکات، بەمەش  بڕێک پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، چونکە ئێستا هەولێر رۆژانە نزیکەی 400هەزار بەرمیل نەوت هەنارده دەکات.

بەشی کورد لە بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 بە سەدا 12.67  خەمڵێندراوە، لە ساڵانی رابردووشدا ئەم رێژەیە سەدا 17 بوو، کە بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دیاریکرابوو، ئێستاش کورد هەوڵدەدات لە رێگەی رێککەوتنێکی دیکەوە ئەم رێژەیە بگەیەنێتە ئاستێک کە بتوانێت پاشەکەوتی پێ هەڵوەشێنێتەوە و مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابه‌ش بكات.