پارتی چاوه‌ڕێی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات

پارتی كێ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ راده‌سپێرێت؟

K24 - هه‌ولێر:

پارتی چاوەڕێی وەڵامی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەوەی گەڕێكی دیكە سەردانی لایەنەكان بكاتەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای دەكات، پەیامی پارتی بۆ جۆری حكومڕانیەتی چوار ساڵی داھاتووی ھەرێمی كوردستان گەیاندراوەتە لایەنەكان و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین، واش بڕیارە لە سەردانەكەی ئەمجارەدا، پارتی بچێتە لای ئەو لایەنانەش كە تا ئێستا سەردان نەكراون.

جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، پارتی سەردانی حزبی شیوعیشی كردووە، بەڵام شیوعییەكان پێشتر بڕیاری خۆیان داوە كە بەشداری حكومەت ناكەن، لە ھەفتەكانی رابردووشدا و دوور لە چاوی كامێراكان بەرپرسانی پارتی و حزبی سۆسیالیست و پێكھاتەكان بە جیا چاویان بە یەكتر كەوتووە و بیروڕایان لەسەر پێكھێنانی حكوومەت گۆڕیوەتەوە، یەكگرتووش زووتر بڕیاری داوە بەشداری حكزومەت نەكات و ئەوەی دیار بێت و مابێتەوە كۆمەڵی ئیسلاميیە, كە ئەو حزبە تا بەرنامەی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو نەبینێت بڕیار نادات.

تا ئێستا پارتى ھیچ كەسی بۆ پێكھێنانی حكوومەت دیارینەكردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە ئەوە بە گرفت نازانن و دەڵێن: ھەر كات لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ لایەنەكان رێككەوتین, ئەوكات كاندیدی پارتی ئامادەیە تا لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە رابسپێرێت تا كابینەی نوێی حكوومەت پێكبێنێت.