سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا هۆکاری کێشانی نیشانەیەک لەسەر رووخساری ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
ئەمرۆ کۆبوونەوەی نائاسایی سەرکردەکانی ئەوروپا لەبرۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەرێوەدەچێت، بڕیارە کۆبوونەوەکە تایبەت بێت بە پرسی برێگزت، چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا .
لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا، ئەنتۆنیۆ تایانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، بەرووخسارێکی جیاواز دەرکەوت و هێمایەکی سووری لەسەر لاچاوی خۆی کێشابوو.
پەیامنێری کوردستان24 پرسیاری هۆکاری کێشانی ئەو هێما سوورە لە سەرۆکی پەرلەمان كرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، بۆیە منیش بڕیارمداوە پشتگیری ئەو بۆنەیە بکەم".
سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا گوتيشى: "ھیچ شتێکی پێکەنیناوی نیيە. ئەمڕۆ رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوهی توندوتیژی دژ بە ژنانە. لە ئیتاڵیا دەسپێشخەریيەک ھەیە. ملیۆنان کەس بەشدارییان تێدا کردووە و یاریزانە پلە یەکەکانی ئیتاڵیا ژێرچاوی خۆیان سوور کردووە. بۆ پیشاندانی ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. پەرلەمانی ئەوروپاش ئەمڕۆ رەنگی پرتەقاڵی پۆشیوە. بۆ پشتگری لەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە. بەداخەوە توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لەو کارە ناشرینانەی کە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدەدرێن. لەوانەیە پیاو لەرووی جەستەوە لە ئافرەت بەھێزتر بێت، بەڵام نە لە رووی رهوشت و نە لە روی مافەوە و نە لە رووی کلتوورەوە وانیە".
ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووهم/ نۆڤهمبهری 2018، رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرهتانه و بەهۆیەوە چەندین کەمپین و چالاکی جیاواز لە جیهان بەڕێوەدەچن.
H.J