ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌ كوه‌یت

لە لایەن شێخ سەباح ئەلئەحمه‌دی میری كوەیت پێشوازی كرا
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی كوەیتی كرد و لە لایەن شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەمیری كوەیت پێشوازی كرا.

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆك بارزانی و شاندی یاوه‌ری، سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 27ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018 بووه‌ و ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش، سه‌رۆك بارزانی گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێری پایته‌خت.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، لە كۆبوونەوەیەكدا بیروڕا لە بارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و رۆشناییش خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوەیت و چۆنییەتی پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.

دواتريش سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ شێخ ناسر سەباح ئەلئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی كوەیت كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەردوولا تاووتوێ كرا و جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوەیت كرایەوە.

دوایین وێستگەی سەردانی سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری بۆ وڵاتی كوەیت سەردانیكردنی ناوەندی كولتووریی شێخ جابر ئەلئەحمەد و دیدار و كۆبوونەوەیان بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی كوەیتیی گەشەپێدانی ئابووریی عەرەبی.

سه‌رۆك بارزانی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌، 22ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق كۆبووه‌وه‌.

دواتریش رۆژی هه‌ینی 23ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ر، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئیمارات و كوه‌یتی كرد و ئه‌مڕۆش 27ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018، كۆتایی به‌ گه‌شته‌ چه‌ند رۆژییه‌كه‌ی هێنا و گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێری پایته‌خت.

ئ. م