دوو وەزیر حكوومەتی نوێی عێراق پەكدەخەن

كێشەی نێوخۆیی ھەیە و گرێ كوێرەكە ناكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

یەکێتی و پارتی رەتیدەکەنەوە دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، شیعە و سووننەکان داوایان لە سەرۆك بارزانی کردووە، هاوکاریان بکات بۆ چارەسەری کێشەکەیان لەسەر دیاریکردنی وەزیرەکانی بەرگری و ناوخۆ. پەرلەمانتارێکی یەکێتیش جەختدەكاتەوە، دواخستنی دانیشتنەکان بەهۆی کێشەی شیعە و سووننەکانەوەیە لەسەر دیاریکردنی وەزیرەکان.

کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، لەسەر دیاریکردنی دوو وەزیر پەکی کەوتووە و  بەهۆی ململانێ لە نێوان شیعەکان و سووننەکان ناتوانرێت وەزیرەکان دیاری بکرێن، گرێکوێرەکەش لە سەر وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراقە پێناچێـت بەدەستی عێراقییەکان بکرێـتەوە.

مەیادە نەجار، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێزە سیاسییەكانی عێراق ھانایان بۆ سەرۆك بارزانی ھێنا، كە سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ لایەنەكان كۆببێتەوە بۆ ئەوەی بگەن بە رێككەوتن لەسەر پێكھێنانی تەواوی كابینەی حكوومەت".

بریارە سێشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 8 وەزیری كابیەنی نوێی حکوومەتی عێراق بدات، کە بریار بوو لەم هەفتەیە یەکلا بکرێتەوە، بەڵام ململانێ لایەنە عێراقییەکان رێگرن، رەتیش دەكرێتەوە دواخستنی دانیشتنەکان پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت لەسەر دیاریکردنی کەسێك بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.

لەوبارەوە بەختیار شاوێس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە كوردستان24 گوت: "شیعەكان لەنێوخۆیاندا رێك ناكەون لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ، بەھەمان شێوە سووننەكانیش لەسەر پڕكردنەوەی پۆستی وەزیری بەرگری. ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە ھەیە دەمانەوێت چوار وەزارەت وەربگرین، دوو وەزارەتمان وەرگرتووە و دوویان ماوە، عادل عەبدولمەھدی و ھەندێك لایەن پێیانوایە دەبێ یەك وەزارەتی دیكە بە كورد بدرێت، ئەمەش ھەم زووڵم كردنە لە كورد، ھەمیش كێشە دەخاتە نێوان لایەنەكان".

تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر دیاریکردنی دوو وەزیر پەكخراوەو بەپێی زانیاری ھەرندێك میدیاكانیش، ئەو دوو پۆستە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت نرخیان گەیشتووەتە سەرو 30 ملیۆن دۆلار.