به‌غدا پلانێكی نوێ بۆ كەمكردنەوەی رێژەی ھەژاری جێبەجێ دەكات

پلانەكەی حكومەت خاو و سستە و دەبێت پەلە لە جێبەجێكردنی بكرێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی پلاندانی عێراق بەرنامەیەكی بۆ كەمكردنەوەی رێژەی ھەژاری داڕشتووە و پلانەكەش لە ساڵی 2020وە  دەستپێدەكات و تا 2030 بەردەوام دەبێت، بەڵام شارەزایانی ئابووری عێراق دەڵێن پلانەكەی حكومەت خاو و سستە و دەبێت پەلە لە جێبەجێكردنی بكرێت.

لە ماوەی ئەمساڵدا بانكی نێودوەڵەتی راپۆرتێكی لەبارەی بەرزبوونەوه‌ی رێژەی ھەژاری لە عێراق بڵاوكردەوە، كە تێيدا، ئاستی رێژەی ھەژاری گەیشتووەتە 22.5%، بەجۆرێك داھاتی رۆژانەی ئەو كەسانەی لەژێر ھێڵی ھەژاریدان رۆژانەیان تەنیا 3 دۆلارە و ھەندێكشیان كەمتر لە 5 دۆلارە. لەكاتێكدا نرخی كاڵاو شتومەك لە بازاڕەكانی عێراق بەرزە و كرێی خانووێكی سادە دەگاتە 500 دۆلار مانگانە.

راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، رێژەی ھەژاری لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە جیاوازە، لەوانە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش بوونە رێژەی ھەژاریان دەگاتە سەروی %44 و لە بەشێكی دیكەی شارەكانی باشووری عێراقیش كە دەوڵەمەندن بە سامانی نەوت و بەندەری ئاوی كەچی رێژەی ھەژاری لەو ناوچانەش دەگاتە سەرووی %30 .

راپۆرتەكەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، نەبوونی ھەلی كارو بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاریش كاریگەری نەرێنی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی ھەژاری لەعێراقدا كردووە، بەجۆرێك رێژەی بێكاری لە ناو گەنجانی تەمەن 15 ساڵ تا 24 ساڵ گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا حكومەتی عێراق لەبارەی باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك بەھاوكاری دامەزراوە نێدەوڵەتیيەكان چەندین بەرنامەو پلانی چاكسازی داڕشت، بەڵام بەگوێرەی شاره‌زایانی ئابووری تا ئێستا كاریگەری ئەوتۆی نەبووە.