مالیكی: بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامەكانی ریفراندۆم

بۆ كه‌ناڵى فه‌رمی ئێران قسه‌ی كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

"ھەڵوێستی بارزانی بۆ جیابوونەوە لە عێراق نەگۆراوە"، ئەوە لێدوانی نوری مالیكی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایه‌ لەگەڵ ته‌لەڤزیۆنی ئێرانە، شەوی شەممە نووری مالیكی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرنامەی بێ سنووری كەناڵی دووی ئێران كرد، باسى سەرەكی چاوپێكەوتنەكە درووستكردنی ناتۆی عەرەبی بوو لەلایەن ئەمریكا و ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان.

نوری مالیكی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتی: "بارزانی لەو بوارەیەوە بڕیاری نەداوە، ئەوە راستە كە بەغدا پێویستی بە كوردستان ھەیەو پێچەوانەكەشی راستە، بەلای من كوردستان دەیھەوێ لێكتێگەیشتن و ھاوكاری لەگەڵ عێراق ھەبێت، بەڵام قسەیەك لەو بوارەوە نەكراوە كە بیانھەوێ ئەنجامەكانی ریفراندۆم واز لێ بھێنن".

نووری مالیكی كە چەند رۆژ دوای تەواوبوونی كۆنفرانسی یەكگرتووی ئیسلامی لە تاران ماوەتەوە، بەو كەناڵەی ئێرانی گوتووە كە عێراق پێویستی بە حكوومەتێكی ناوەندیى بەھێز ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڕەشەكان نەھێڵێت و دادپەروەری دروستبكات.

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكه‌دا، مالیكی رایگەیاندووە، عێراق بەھیچ شێوەیەك نابێتە ئەندام لە ناتۆی عەرەبى و ده‌ڵێت: "بەغدا ھاوپەیمانییەك قبووڵ ناكات كە سعودییە و ئەمریكا و ئیسرائیل سەرۆكایەتی بكەن".

بە بڕوای ئەو، ناتۆی عەرەبی پرۆژەی ئەمریكا و سعودیا لە دژی ئێرانە و بە گوتەی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پرۆژەكە سەركەوتوو نابێت.

ھەر لەو چاوپێكەوتنەدا نووری مالیكی دەڵێت: "گەمارۆكانی ئەمریكا لەدژی ئێران یاسایی نین، عێراق پابەندی نەبووە و نابێت".

ئ. م