داعش یه‌خه‌ی عێراق به‌رنادات

داعش مانگانه‌ 75 هێرشی چه‌كداریی له‌ عێراق ئه‌نجام ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:

ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی لە واشنتن، راپۆرتێكی لەبارەی جموجۆڵەكانی رێكخراوی داعش بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، مانگانە چەكدارانی داعش 75 ھێرشی چەكداری لە عێراق ئەنجام دەدەن و ئێستا خۆی رێكخستووەتەوە و تەكتیكی خۆی گۆڕیوەو دەستی كردووە بە چالاكییەكانی رفاندن و تەقینەوە و زیاتریش كەسانی سەر بە حكومەت دەكاتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش كردووە، لە ئەنجامی ھێرشەكانی داعش لە ساڵی 2016 دا زیاتر لە 6 ھەزار و 247 كەس كوژراون، لە ساڵی 2017ـشدا 5 ھەزار و 339 كەس كوژراون، تا مانگی ئۆكتۆبەری 2018، ھەزار و 656 كەس كوژراون.

ئەو راپۆرتە ئاشكراشی كردووە، 20 بۆ 30 ھەزار چەكداری داعش لە عێراق و  سووریا ماون و لەو ژمارەیەش 10 بۆ 15 ھەزار چەكداریان لە عێراقن.

راپۆرتەكە ئاشكراشی دەكات، چەكدارانی داعش سوود لە گەندەڵییەكانی حكومەت و ناكۆكییە مەزھەبییەكان و كێشەكانی نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان وەردەگرن و حكومەتی عێراقیش بەوە تۆمەتبار دەكات، نەیتوانیوە ئەو ھۆكارانە بنبڕ بكات كە دەبنە ھۆی سەرھەڵدانی داعش.