چەند كۆمپانیایەكی گەشتیاری فێڵ لە ھاووڵاتیان دەكەن

بە ناوی نشینگەی وڵاتان پارە لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ماوەیەکە چەند کۆمپانیایەکی گەشتیاری بە ناوی وەرگرتنی ئیقامەوە لە دەرەوەی وڵات، پارە لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرن و دواتر خۆیان لێدەشارنەوە.

کۆچکردن بەرەو ھەندەران و دەرەوەی وڵات ماوەی چەند ساڵێکە بە چڕی لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، ھاووڵاتیانیش بۆ ئەوەی بگەن بە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە ھەموو رێگایەك دەگرنەبەر، لەم نێوەندەشدا ھەندێك کۆمپانیای گەشتیاری سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و بەناوی وەرگرتنی مافی مانەوە واتە (ئیقامە) پارە لە ھاووڵاتیان وەردەگرن و دواتر خۆیانیان لێ دەشارنەوە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانیش دەڵێت، پێویستە ھاووڵاتیان زیاتر چاو کراوەبن و تەنانەت ئەگەر گەشتیان لە رێگەی گرووپە گەشتیاریەکانیشەوە گەشت کرد، با گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەن و ئەگەر لە دادگاش ئەو بابەتە بەسەر ھەر کۆمپانیایەکدا ساغ ببێتەوە مۆڵەتەکەی ھەڵدەوشێننەوە.

مستەفا حەمە رەحیم، بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "خەڵك ھێندە شارەزا نییە كاتێك كۆمپانیایەك دەڵێ ڤیزات پێدەدەم، گرێبەستێكیان لەگەڵ واژوو بكەن ئینجا پارەكەی رادەست بكات، بۆ ئەوەی بتوانین ئیجرائات لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بكەین، بەڵكو ھاووڵاتییان بەبێ بوونی ھیچ بەڵگە و گرێبەستێك پارە رادەستی كۆمپانیاكان دەكرێت، بۆیە دواتر ھەموو ئەو كێشانە تەنھا لە دادگا یەكلایی دەكرێنەوە".

ئەو کارە نایاساییەی بەشێك لە کۆمپانیاکان بووەتە ھۆی ناوزڕاندنی ئەو کۆمپانیا و نووسینگانەی کە کاری گەشتیاری دەکەن، بۆیە بە بۆچوونی نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی، بۆ بەرگرتن لەو دیاردەیە پێویستە کە پێداچوونەوە بە کارو مۆڵەتی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بکرێت.

لەو بارەوە عەتا ئەمین، نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە سلێمانی دەڵێ: "ھەفتەی پێشوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار كۆبووینەوە، جەختمان لەسەر ئەوەكردەوە كە پێداچوونەوە بە كاری كۆمپانیا گەشتوگوزارییەكان دابچینەوە، ھەر كۆمپانیایەك كێشەی ھەیە ئاگاداری بكەینەوە یان بەڵێنامەیەكی پێ پڕبكەینەوە بۆ چاككردنەوەی كارەكان".

گوتیشی: "ئەو كۆمپانیایانە ئیشی گەشتوگوزار دەكەن ئیشی ئەوان ئەوە نییە كە ئیقامە بە خەڵك بدەن، بەڵكو وڵاتەكان ئیقامە بە خەڵك دەدەن".

بۆئەوەی چیتر پارەی ھاووڵاتیان بەفیڕۆ نەڕوا، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی و کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە ھاوبەشی پێداچونەوە و خوێندنەوەی ورد بۆ کاری کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان بکەن و کارەکانیان بۆ دیاربکرێت، ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزار داوا لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەکات گومان لەھەر کۆمپانیایەك دەکەن ئەو کارە دەکات ئەوانی لێ ئاگاداربکەنەوە تاكو رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرنەبەر.