بۆردوومانی توركیا بۆ سەر پەكەكە دەرگای قوتابخانەیەك دادەخات

كەسوكاری قوتابیان داوا دەكەن خوێندنی منداڵەكانیان بە فیڕۆ نەچێت
kurdistan24.net

K24 - زاخۆ

بەهۆی بۆردوومانکردنی پێگەکانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لەلایەن فڕۆکە جەنگییەكانی تورکیاوە، زیاتر 10 رۆژە پرۆسەی خوێندن لە گوندی شرانشی سەر شارۆچکەی زاخۆ وەستاوە.

دانیشتوانی گوندەکە کە کریستیانن دەڵێن، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا دەرگای قوتابخانەی گوندەکەیان داخراوە و منداڵانیش ناتوانن لە ماڵ بێنە دەر.

نادر گەدە، یەكێكە لە مامۆستاكانی ئەو قوتابخانەیە بە كوردستان24 گوت: "ئێستا زیاتر لە 10 رۆژە دەوامی قوتابخانە وەستاوە، چونكە بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ناوچەكە بەردەوامە و ھەندێك جاریش بۆردوومان نزیكە لە گوند، ئەو مامۆستایانەی خەڵكی گوند نین و وانەبێژن ئامادەنین بێنەوە و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە ناھەقیشیان نییە".

نەزیر یوسف، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی زاخۆ بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەوڵدەدەین چەند مامۆستای دیكە بۆ گوندەكە دابین بكەین، بەڵام ئێستا دامەزراندن نییە، ئەگەر ئەوەش نەكرا ناھێڵین خوێندنی ئەمساڵی قوتابیانی ئەو گوندە بە فیڕۆ بچێت، لە حاڵەتێكدا كە نەمانتوانی مامۆستا بنێرین، ئەوا ئۆتۆمبێل بۆ قوتابیان دابین دەكەین بۆ ئەوەی لە نزیكترین قوتابخانەی گوندەكەیان درێژە بە خوێندن بدەن".