مه‌لزه‌مه‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی كتێب

"زیانی زۆر بە مامۆستا و قوتابیان دەگەیەنێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە به‌شێكی زۆر قۆناخه‌كانی خوێندن له‌ ھەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە مەلزەمە جێگەی کتێبه‌كانی پرۆگرامی خوێندنی گرتووەتەوەو خوێندکاران بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆرس و گشتی پشتی پێده‌به‌ستن، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی مەلزەمە به‌ زیان بۆ سیستمی خوێندن و مامۆستیان و خوێندکارانیش ده‌زانێت.

ساڵانێكه‌ پوختكردنه‌وه‌ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ قۆناخە‌كانی خوێندن له‌ چوارچێوه‌ی مه‌لزه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌ گه‌یشتووەته‌ ئاستێك، له‌ زۆربه‌ی قۆناخه‌كان بووەته‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دایناوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ساڵانه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بڕیاری قه‌ده‌خه‌كردنی مه‌لزه‌مه‌ ده‌رده‌كات، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ ناكرێ، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی به‌ باشتری ده‌زانێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دیاردەیە، وەزارەتی پەروەردە بڕیارەکانی بە کردەیی بکات، بۆ ئەم بابەتەش چەند چارەسەرێکیان پێشکەش کردووە.

پسپۆرانی پەروەردەیی هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی بەکارھێنانی مەلزەمە زیانی زیاترە لە قازانج، به‌ تایبه‌ت لە رووی زانستییەوە زیانی بۆ خوێندکارو مامۆستایانیش ھەیە. سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی باس لە شێوازێکی نوێ دەکات کە لە لایەن ھەندێک مامۆستاوە بەکاردێت و زیانی لە بەکارھێنانی مەلزەمە زیاترە.

ساڵانە وەزارەتی پەروەردە بودجەیەکی تایبه‌ت بۆ چاپکردنه‌وه‌ی کتێبه‌كانی پڕۆگرامی خوێندن تەرخان دەکات، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران بێ كتێب نه‌بن، بەڵام به‌شێك له‌ مامۆستایان پڕۆگرامه‌كانی خوێندنیان به‌شێوه‌ی جیاواز له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند مه‌لزه‌مه‌یه‌ك پوخت كردووەته‌وه‌، خوێندكارانیش به‌ تایبه‌ت له‌ پۆله‌ كۆتاكان پشت به‌ مه‌لزه‌مه‌كان ده‌به‌ستن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆرسی و گشتییه‌كان، له‌ كاتێكدا ته‌واوی پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ كتێبه‌كانی خوێندن وه‌رده‌گیرێن، نه‌ك مه‌لزه‌مه‌كان.