سه‌رۆك بارزانی و حه‌لبووسی تەئكید لە پڕەنسیپی پارسەنگیی لە دامەزراوەكان و كەرتی ئەمنی و سەربازی ده‌كه‌نه‌وه‌

بارودۆخی ئەمنی و ئیداریی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان خراوه‌ته‌ به‌رباس

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سەرۆک مەسعوود بارزانی و محەمەد ئەلحەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی وزاریی تازەی عێراق كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و عێراق ڕووبەڕووی ئەگەری نادیار دەكاتەوە. هەروەها تەئكیدیش لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی پارسەنگی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانێتی و كەرتی ئەمنی و سەربازی كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكان و خێراتركردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق راگەیاند، هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە لەدوای 2003، پڕۆسەی سیاسی ئێستا، باشترین دەرفەت بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بنیاتنانی متمانەی نێوان لایەنەكان.

بارودۆخی ئەمنی و ئیداریی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی ئەو پارێزگایە تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.