حه‌لبووسی: له‌سه‌ر بودجه‌ی كوردستان ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی

حه‌لبووسی ناوه‌ڕۆكی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی بۆ كوردستان 24 ئاشكرا ده‌كات
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ناوه‌ڕۆكی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان 24 ئاشكرا ده‌كات.

محه‌مه‌د حه‌لبووسی، به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌غدا، له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی گوتی: "لەگەڵ فەخامەتی سەرۆك بارزانی و ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی باسمان لەوەکرد پێویستە لایەنە سیاسییەکان کار بۆ ئەوە بکەن نوێنەرایەتی جددی هاووڵاتییان بکەن، لە بارەی پرسی ئاوارەکانەوە گفتوگۆمان کرد و هەردوولا جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە کار بۆگەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت".

لە بارەی پرسی کەرکووکەوە حه‌لبووسی روونی كرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا "هه‌ردوولا جه‌ختمان له‌وه‌ كرده‌وه‌" دەبێت کەرکووك چ مەلەفی ئەمنی و چ مەلەفی ئیداری، لەلایەن خەڵکی کەرکووکەوە بەڕێوەببرێت و بگەڕێتەوە دەستی خەڵك.

له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منیش رایگه‌یاند، دووپات له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ ئەمنییەتی کەرکووك لەلایەن حکوومەتی ناوەندی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.

په‌یوه‌ست به‌ پرسی پرۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق، كه‌ به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی كابینه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق ئاماده‌كرابوو، گوتی: "پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و بەشی هەرێمی کوردستانیش زیاد بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەك بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حوسێن پێکهێندراوە تا مافی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت".

گوتیشی: "مەبەستمە بڵێم ئێمە ئەمساڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەینە رێککەوتنێکی کۆتایی سەبارەت بە بودجە تاکو چیدیكه‌ هەموو ساڵێك نەیەین و بڵێین بودجە چۆن بێت و چۆن نەبێت".

حه‌لبووسی پشتیوانی خۆیشی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، پاڵپشتی ئەو کەسە ده‌بن کە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان و گوتی: "رێزدار مەسروور بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسیی و ئەمنی هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی گێڕاوە، بۆیە پاڵپشت و هەماهەنگیکارێکی گرنگ دەبین لەگەڵی، کاردەکەین تا لە داهاتوودا پەیوەندی نێوانمان تەنها پەیوەندی هەرێمێک و حکوومەتێکی ناوەندی نەبێ بەڵکو شەراکەتێکی راستەقینە لە نێوانماندا هەبێت".

محه‌مه‌د حه‌لبووسی، دوای هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دووه‌مجاره‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

ئ. م