فالح فه‌یاز له‌ كاندیدكردن بۆ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ لاده‌برێت

به‌لابردنی فه‌یاز كێشه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكوومه‌ت نامێنن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی سێشەممە كۆببێتەوە، بەڵام دیار نییە كە دەنگ لەسەر پۆستە وەزارییەكانی كابینەی حكومەتی عێراق دەدرێت یان نا. له‌كاتێكیشدا وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی گرفتێكی گەورەی بەردەم كابینەكەی عادل عەبدولمەھدین، هه‌وڵێك لەناو شیعەكاندا بۆ گۆڕینی كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عەباس ئیسماعیل، ئەندامی لێژنەی بەرگری و ئاسایش له‌ پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، "فالح فەیاز لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دووردەخرێتەوە".

بە بۆچوونی هه‌دار بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، "لە ئەگەری گەیشتتنە ئەنجامی ئەم ھەوڵە، گرفتێكی وا لەبەردەم عادل عەبدولمەھدی نامێنێتەوە كە ببێتە رێگر لەوەی كابینە وزارییەكەی تەواو بكات".

تائێستا بەھۆی ناڕه‌زایی ھاوپەیمانی ئیسڵاح، بەتایبەتیش موقتەدا سەدر لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، نەتوانراوە كه‌سی یه‌كه‌مه‌كانی ئەو 8 وەزاره‌ته‌ لە پەرلەمانی عێراق تێپه‌ڕێندرێن، كه‌ تائێستا یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ش پۆستی وه‌زیری داده‌، كه‌ به‌رده‌وام یەكێتی نیشتمانی كوردستان به‌ مافی خۆی ده‌زانێت. میران محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری ئه‌و حزبه‌ش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر سووربوونی حزبه‌كه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌ ده‌كاته‌وه‌.

H.B