له‌ رانييه‌ رۆژى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان پيرۆز كرا

ئاڵای كوردستان سیمبول و شكۆی نەتەوەكەمانە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

لە رانیە رۆژی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەرزراگیرا.

ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئاڵای كوردستان سیمبول و شكۆی نەتەوەكەمانە و توانیوویەتی ھەموومان دەنگ  را جیاوازەكان لە ژێر یەك چەتر كۆبكاتەوە و لەسەر ئێمەش پێویستە رێز لە ئاڵاكەمان بگرین.

رۆژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌ر بینای شاره‌داری مه‌هاباد له‌ 17 كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1945 به‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له‌ مێژووی سیاسی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ 73 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا بۆ‌ یه‌كه‌مجار ئاڵای كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌سه‌ر بینایه‌كی حكوومه‌ت به‌رزكرایه‌وه‌، مانگێك و چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان له‌ رۆژی 22 كانوونی دووه‌می 1946 دابمه‌زرێت.

هه‌رچه‌نده‌ كۆماری كوردستان پاش 11 مانگ رووخا، بەڵام ئاڵای كوردستان به‌هۆی درێژپێدانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لایه‌ن خه‌باتگێڕانییه‌وه‌ له‌ شاخه‌كانی كوردستان و رێورسمه‌كانی بیرهێنانه‌وه‌ی به‌ شكاوه‌یی مایه‌وه‌.

پاش تێپه‌ڕبوونی 59 ساڵ به‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ رۆژی 19 حوزه‌یرانی 2009 به‌ بڕیاری ژماره‌ 48 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا رۆژی 17 كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك بكرێته‌ رۆژی ئاڵای كوردستان. هاوكات هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش به‌ رۆژی دایك له‌ كوردستان دیاریكرد.

له‌ 17 كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك رێوره‌سمی تایبه‌ت بۆ رێزگرتنی له‌ رۆژی ئاڵای كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ ئاڵای كوردستان دەڕازێندرێنه‌وه‌.

ھەرچەندە زیاتر لە ساڵێكە شاری كەركووك داگیركراوە، بەڵام وەك ساڵانی پێشتر پەروەردەی خوێندنی كوردی لە كەركووك بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە ناوەندەكانی خوێندن و پۆشینی جل و بەرگی كوردی رێوەڕەسمی رۆژی ئاڵای كوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئاڵاى كوردستان وه‌ك سيمبوڵى يه‌كپارچه‌يى خاكى كوردستان و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى خه‌ڵكى كوردستان، بۆ يه‌كه‌مجار له‌ 17ى كانوونى دووه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 1945 (26ی سەرماوەزی ساڵی 1324ی ھەتاوی) له‌ شارى مهاباد، له‌ لايه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌ڵكراوه‌ و دواى هه‌ڵكردنى بووه‌ سه‌ره‌تايه‌ك بۆ له‌دايكبوون و دامه‌زرانى كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد.

واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:

رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.

رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.

رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.

رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتیی.