گۆڕان: بەشداریکردنمان لە حکوومەت تاوان نییە

شاندی پارتی و گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لە كۆبوونەوەدان
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت، بەشداریكردنیان لە حكوومەت تاوان نییە.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی کوردستان تاوان نییە و بەلامانەوە ئاساییە بەشداری لە حکوومەتدا بکەین".

 گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، کە بەشداری لە حکوومەتدا دەکات یاخود نا، بەڵام ئەگەر بەشداریش بكەین دەمانەوێت خزمەتی وڵات و میللەتی خۆمان دەكەین".

 ئەمە لەكاتێكدایە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕێكی دیكەی دانووستانی لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، دوێنێ لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە.