تارمایی داعش‌ حه‌ویجه‌ جێناھێڵێ

"زۆربەی ناوچەكان نا ئارام و بێ خزمەتگوزارین"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ساڵێك زیاترە، حەویجە لە دەستی داعش رزگاركراوه‌، بەڵام بارودۆخی ئەمنی ناجێگیرە و هیچ دەستێکی خزمەتگووزاریشی پێ نەگەیشتووە، ژمارەیەك هاووڵاتی حەویجە بۆ  کوردستان24 باس لە نەھامەتییەكانیان دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بەشێك لە ناوچەکانیان لەشەواندا لە ژێرکۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان دەردەچێت.

حەویجە شوێن و مۆڵگەی نزیکەی چوارساڵی خەلافەتەکەی داعش، لەوێ تارماییەکانی ترس بە روونی هەست پێدەکرێت، زۆربەی شوێنەکان بەهێزی ئەمنی تەنراون، ئەمەش بەو مانایە دێت هێشتا ئەوێ شوێنێکی ئارام نییە بۆ ژیان.

موختاری یەکێك لە گوندەکان، باس لە هۆکاری بە ئامانجگرتنیان لەلایەن داعشەوە دەكات و ژمارەی موختارە کوژراوەکان بۆ كوردستان24 ئاشکرا دەكات و دەسنیشانی ئەو شوێنانەش دەكات، کە هێشتا داعش تێیدا باڵادەستە.

حوسێن مه‌حموود عه‌بدوڵڵا، موختاری گوندی ته‌لعه‌لی بە كوردستان24 گوت: "ھۆكاری بە ئامانج گرتنی موختارەكان ئەوەیە كە موختار شوێن و جوڵەی چەكدارانی داعش بۆ ھێزە ئەمنییەكان دەست نیشان دەكەن. لە دوای رزگاركردنی حەیجەوە تائێستا 12 موختار كوژراون، لە زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری حەویجە بارۆدۆخی ئەمنی ناجێگیرە".

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی حەویجە دەڵێ: "لێرە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش بەردەست نین، کەرتی تەندروستی و پەروەردە و نەبوونی کار گرنگترین داواکارییەکانی خەڵکی ئێرەن، گەنجان لە ماڵەوە بێ كاردانیشتوون".

  زیاتر لە ساڵێکە کۆتایی داعش لە عێراق راگەیەنراوە، بەڵام ئاسەواری کاولکارییەکان وەکو خۆیان ماون و لە زاری بەرپرسانیشەوە، سەرهەڵدانەوەی جارێکی دیکەی وەك  ئەگەرێکی بەهێز باسدەکرێت.