هه‌فتانه ته‌نیا یه‌ك خێزانی ئاواره‌ی شنگال ده‌گه‌ڕێته‌وه
K24 - دهۆك:
ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رۆژانه خه‌ڵكی شنگال ده‌گه‌ڕانه‌وه شاره‌كه‌یان، به‌ڵام ئێستا هه‌فتانه ته‌نیا یه‌ك خێزان ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌م رووه‌شه‌وه ئاواره‌كان ده‌ڵێن: تاوه‌كو چاره‌نووسی ده‌ستگیركراوه‌كانیان ئاشكرا نه‌كرێت، ناگه‌ڕێنه‌وه.
ئاواتی خه‌ڵكی شنگال ئه‌وه‌بوو، بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر كه به‌هۆی زوڵم و سته‌می داعشه‌وه لێی ئاواره‌بووبوون، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه ئاواره‌كان، سستی پێوه‌دیاره.
ئه‌حمه‌د و دایكی، دوو برینییان هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه دووربوونه له شنگال و برينه سه‌خته‌كه‌شیان ئه‌وه‌یه تا ئێستا كه‌سوكاریان له ده‌ستی داعشدایه و چاره‌نووسیان نادیاره.
ئه‌وان هیوا و ئاواتییان ئه‌وه‌یه جارێكی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه و له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان ده‌ست به ژیانێكی ئاسایی بكه‌نه‌وه و له ژێر خێوه‌تی كه‌مپه‌كان رزگارییان ببێت.
به گوێره‌ی ئاماری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، تا ئه‌مڕۆ ته‌نها 12%ی ئاواره‌كانی شنگال گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان، خه‌ڵكی شنگالیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ر هێزێك دێت خۆی ده‌كاته خاوه‌نی شنگال و كه‌سیش ره‌وشی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌به‌ر چاو ناگرێت.
ئ. م