ناوه‌ڕۆكی نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌كگورك ئاشكرا ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، كه 79 وڵات تێیدا ئه‌ندامه، وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریا، ده‌ستی له كار كێشایه‌وه.
وێبسایتی بزنس ئینسایده‌ر، له راپۆرتێك ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی مه‌كگورك ئاشكرا ده‌كات، كه له باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ نووسیویه‌تی: "ئه‌و بڕیاره له ناكه‌وه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی روونی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا"یه و به بیستی بڕیاره‌كه‌ش "شۆك بووه".
هه‌ر به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، مه‌كگورك له نامه‌كه‌ی باسی له‌وه كردووه، ئه‌و بڕیاره‌ی "جێهێشتنی هاوپه‌یمانه‌كانمانه به سه‌رسوڕماویی".
به گوێره‌ی وێبسایتی نیویۆرك تایمز، كه ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه، به‌شێك له كارمه‌ندان گریاون.
وێبسایته‌كه‌ی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، مه‌كگورك پلانی هه‌بووه مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری 2019، ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بێت، به‌ڵام بڕیاره له ناكاوه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانییان، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشخستووه.
مه‌كگورك له نامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "ناتوانم پابه‌ندی سیاسه‌تێك بم كه له ناكاو گۆڕاوه و تره‌مپ له تویته‌ره‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی راوێژ به كۆنگرێس، یاخود هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات".
وێڕای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی برێت مه‌كگورك، نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، هێشتا دۆناڵد تره‌مپ به‌رگری له بڕیاره‌كه له ناكاوه‌كه‌ی ده‌كات و سووره له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانییان له سووریا.
ئ. م