کورد لە دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق بێبەش دەکرێت

پەرلەمانی عێراق ئەندامانی دادگای تێهەڵچوونەوە پەسەند دەکات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبونەوەی رۆژی شەممەی 22/12/2018، رابردوو ناوی کاندیدانی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی پەسەند کرد کە پێنج کاندیدبوون و ھیچ کاندیدێکی کوردی تێدانەبوو، کە بەبڕوای چاودێران و یاساناسان ئەو کارە پێشلێکردنی مافی پێکھاتەیەکی سەرەکییە لە عێراق ئەویش کوردە، لە ھەمان کاتیشدا ئەو کارە نادەستوورییە.

 سەرەڕای ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان چەندین دادوەری بە ئەزموون و بەتوانا ھەن، بەڵام جارێکی دیکە لە بەغدا کورد لە دامەزراوەیەکی گرنگی دادوەری بێبەش کرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی پێنج کاندید خرانە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەندام بوون لە دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی، بەڵام ناوی ھیچ دادوەرێکی کوردی تێدانەبوو، ھەر بەو ھۆکارەش نوێنەرانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، ئەندامێکی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ئەو کارە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشیە لە بڕیاردان و نوێنەرایەتیکردن.

بەبڕوای شارەزایانی یاسا و دەستوور ئەو کارەی پەرلەمانی عێراق نادەستوورییە، پسپۆڕێکی یاسای دەستوری دەڵێ "نەك پێکھاتەی کورد پێویستە پێکھاتەکانی دیکەی عێراقیش نوێنەریان ھەبێت لە دامەزراوە باڵاکاندا بەتایبەت لە دامەزراوە دادوەریەکاندا".

بە گوێرەی دەستووری نوێی عێراق کە ساڵی 2003 دانراوە، (مادەی 2ی دەستوور بڕگەی ب) دەڵێت "بە ھیچ شێوەیەك نابێت یاسایەك یاخود بڕیارێك دەربچێت دژ بە بنەمای دیموکراسی بێت، ئەم کارەشی کە کراوە دژ بە بنەما دیموکراسییەکانە، چونکە کورد پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراقە و ناکرێت لە جێگایەکی وا ھەستیار پەراوێزبخرێت.