تره‌مپ رۆشته‌وه‌و په‌مپیۆ دێت
K24 - هه‌ولێر:
ساره سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند: "له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ‌دا، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی عێراق ده‌كات".
گوته‌بێژی كۆشكی سپی به رۆژنامه‌وانانی گووت: "پۆمپیۆ رۆژی 11/1/2019 ده‌گاته به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆ ده‌كات".
سه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپیۆ، پاش سه‌ردانه له ناكاو و رانه‌گه‌یێنراوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، كه رۆژی چوارشه‌ممه 26/12/2018 له یه‌كه‌م سه‌ردانی پاش بوونی به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاو پاش چه‌ند رۆژێك له راگه‌یاندنی بڕیاری كشانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی له دایكبوون و ساڵی نوێوه وه‌ك سوپرایزێك سه‌ردانی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی كرد له عێراق، بێ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی عێراق ئاگاداری ئه‌و سه‌ردانه‌بن.
فڕۆكه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی تره‌مپ له بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌سه‌د له رۆژئاوای شاری به‌غدا، پاش گه‌شتێك به درێژایی یه‌ك شه‌و له واشنتنه‌وه نیشته‌وه‌و میلانیا تره‌مپ، خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكاش یاوه‌ری سه‌رۆك بوو. جگه له‌وه ژماره‌یه‌كی كه‌م له یاریده‌ده‌رانی و راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانی ده‌زگای ئاسایشی سه‌رۆكایه‌تی و ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس له فڕۆكه‌كه‌ی تره‌مپدا بوون.
تره‌مپ له عێراقه‌وه به رۆژنامه‌وانانی گووت: "هیچ پلانێكیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له عێراق بكشێننه‌وه".