خوانە عێراقییەکەی ترەمپ ئاشکرا کرا

"ترەمپ و خانمی یەکەم چەندین خواردنی جۆراوجۆری عێراقییان خواردووە"

K24 – هه‌ولێر:

ھەرچەندە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەتایبەت شیعەكان، دژی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق وەستانەوە، بەڵام بۆ خەڵكی شاردێی بەغدادیی لە رۆژئاوای ئەنبار، خێر و بەرەكەت بوو، بەھۆی ئەوەی سەربازانی ئەمریكا بەر لە سەردانەكە، بڕێكی زۆری گۆشت، مریشكی زیندوو، سەوزە و میوەیان كڕیووبوو.

سەرباری ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دژی سەردانەكەی ترەمپ بوون بۆ عێراق و لێدوانی توندییان لەدژی سەردانەكەدا، بەڵام بۆ خەڵكی شارەدێی بەغدادیی لە رۆژئاوای ئەنبار خێر و بەرەكەت بوو.

وەك قەتەری عوبەیدی سەركردە لە ھێزەكانی حەشدی ئەنبار ئاشكرای دەكات، بەر لەسەردانەكەی ترەمپ، سەربازانی ئەمریكا، بڕێكی زۆری گۆشت، مریشكی زیندوو، سەوزە و میوە و كەلووپەلی زۆریان كڕیووە و خەڵكی ناوچەكە ھەستییان بەوەكردووە، میوانێكی گرنگ دێتە ناوچەكەیان.

وەك ئەو سەركردەیەی حەشدی ئەنبار دەڵێت: "دۆناڵد ترەمپ و مێلانیای ھاوسەری و شاندە یاوەرەكەی و سەربازانی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، كەباب و ماسی مەسگوف و گۆشتی مریشكییان خواردووە، ھەروەھا سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت و تەلەفونیش پچڕاون".

عوبەیدی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، نزیكەی 100 فڕۆكە و ھەلیكۆپتەر یاوەری سەرۆكی ئەمریكابوون و بە نزمی بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەتەوە.

دوێنی چوارشەممە 26/12/2018، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە سەردانێکی رانەگەیندراو گەیشتە عێراق و چەند ساتێکی لەگەڵ سەربازانی ئەمەریکای بەبۆنەی جەژنی لە دایکبوونی پەیامبەر مەسیح بەسەر برد.

H.J