شيعه‌كان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى تره‌مپ نيگه‌رانن

بە سوكایەتی و پێشێلكردنی سەروەری عێراق ناوى ده‌به‌ن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بە تایبەت شیعەكان، نیگەرانن لە سەردانە چاوەڕوان نەكراوەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمه‌ریكا بۆ عێراق و كۆنەبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بە سوكایەتی و پێشێلكردنی سەروەری عێراق ناو ده‌به‌ن.

لەبەرامبەریشدا حكومەتی عێراق دەڵێت: پێشتر لە سەردانەكەی ترەمپ ئاگاداربوون.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بانگھێشتی کۆشکی سپی کردووە و چاومان لەوەیە لە واشنتن پێشوازی لێبکەین.

بۆڵتن، یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمه‌ریکا سەردانی سەربازە ئەمریکیيەکانی کرد لە بنکەی سەربازی ئەلئەسەد لە ئەنبار.

گوتيشى: سەرۆک ترەمپ لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانمان لە عێراق بەرەو پێشچوون و ھەنگاوەکانی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش باس کردووە.

ئ.ر