به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو چاوه‌ڕوانی راپۆرتی پسپۆرانه
K24 - گه‌رمیان:
دوای زیاتر لە ساڵێک له‌و زیانانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌زه‌وه به‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌وت، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و شاندێکی ئەندازیاری پسپۆر له بەنداوەکان سەردانی هه‌ردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده بڕیاربوو كۆمپانیای بیانی كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان بكه‌ن، بەڵام وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بڕیاریداوە ئەندازیارانی ناوخۆیی کاری نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە بگرنە ئەستۆ.
له‌و باره‌یه‌وه‌جه‌مال عادلی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی: "ئه‌م به‌نداوه تووشی بومه‌له‌زه‌یه‌كی به‌هێز بووه، كه له حه‌وت پله‌ی رێخته‌ر زیاتر بووه، به‌ڵام به‌نداوه‌كه به جۆرێك دروستكراوه كه توانای به‌رگه‌گرتنی ئه‌و بوومه‌له‌زرانه‌ی هه‌بێت، بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌شی به‌دوور ده‌زانم كۆمپانیای بیانی بێنین، چونكه تێچووی زۆر ده‌كه‌وێت. من متمانه‌م به ئه‌ندازیارانی عێراقی هه‌یه".
سەرباری بارینی بارانێکی زۆر له وه‌رزی پاییز و لەسەرەتای زستانیشەوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی بەنداوەکە بڕیاریان نەداوە ئاوی پێویست گل بدەنەوە، بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی پسپۆر و ئەندازیارە عێراقییەکان دەکەن کە به‌نداوه‌كه توانای گلدانه‌وه‌ی چه‌ندی ده‌بێت.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان، جیا لە سنووری گەرمیان، بەشێکی زۆری پارێزگای دیالەش پشت بە ئاوی دەربەندیخان دەبەستن بۆ كه‌رتی کشتوکاڵ و ئاودێری.