وەرگێڕێک رەوشی کوردە دەستگیراوەکانی رووسیا ئاشکرا دەکات

"من تەنها کەسم دەتوانم بیانبینم"

K24 – مۆسكۆ

وەرگێڕێک کە ماوەی چوار رۆژ لەگەڵ 24 پەنابەرە کوردە دەستگیراوەکەی رووسیا بووە، زانیاری نوێ لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو پەنابەرە کوردانە ئاشکرا دەکات.

هەژار، وەرگێڕی ئەو پەنابەرانە، دڵنییای دایە خێزان و کەسوکاری هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکان کە رەوشیان باشە و چەند جارێک سەردانی کردوون.

دەشڵێت: "با هیچ کەس، هیچ بڕە پارەیەک نەدات بۆ رزگاکردنی ئەو پەنابەرانە  چونکە حکومەتی رووسیا کاری لەگەڵ ئەمان نییە و رزگاریان دەکات".

هەژار لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "من تەنها کەسم کە دەتوانم هەموویان ببینم و ئەگەر پێشێلکارییان بەرامبەر بکرێت، حکومەتی رووسیای لێ ئاگادار دەکەمەوە، بەڵام ئەمە رووی نەداوە".

رۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌، 24 هاووڵاتی باشووری كوردستان، كه‌ هه‌ڵگری پاسپۆرتی عێراقین، له‌لایه‌ن هێزی سنوورپارێزی سه‌ر به‌ ئاژانسی ئاسایشی فیدراڵی رووسیا "ئێف، ئێس، بێ" یه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی سیبێژسكی به‌ دووری دوو كیلۆ مه‌تر و نیو له‌سه‌ر سنوری رووسیا - لاتیڤیا ده‌ستگیركران.

ئەو پەنابەرانە بە ڤیزای فەرمی چووبوونە رووسیا و ئامانجییان بوو سنووری رووسیا بەرەو وڵاتی لاتیڤیا ببەزێنن و بچنە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن پاسەوانی سنووری رووسیاوە دەستگیرکران.

H.J