لەسەر ترەمپ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن

پەرلەمانی عێراق هەڵوێست وەردەگرێت

K24 – هه‌ولێر:

داوا دەکرێت لەسەر سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێن.

عەباس علێوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی چاکسازیی رایگەیاند: "لەسەر سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، پەرلەمانتاران داوا لە محەممەد حەلبووسی دەکەن، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات".

دەشڵێت: "رەنگە لە دوو رۆژی داهاتوودا پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی سەردانەکەی ترەمپ بۆ عێراق ئەنجامبدات".

ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم کوتلە سیاسییەکان دژی سەردانەکەن و هەڵوێستیان وەرگرتووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 26/12/2018، دۆناڵد ترەمپ بۆ سەردانکردن و بەسەربردنی پشووەکانی جەژنی لە دایکبوونی مەسیح لەگەڵ سەربازەکانی ئەمەریکا گەیشتە عێراق، بەڵام لەو سەردانەی دا، عێراقی لێ ئاگادار نەکردەوە و چاوی بە هیچ کاربەدەستێکی عێراقیش نەکەوت، ئەمەش بەغدای نیگەران کردووە.