عێراق 3 سیناریۆی بۆ بودجەی ھەرێمی كوردستان ئاماده‌كردووه‌

كوردستان 24 هه‌ر سێ سیناریۆكه‌ ده‌خاته‌ڕوو
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

حكوومەتی عێراق سێ سیناریۆی لە بارەی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژه‌ی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 ئامادەكردووە.

بەلای فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئەوەی گرنگە جێگیركردن و ناردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەران و پێشمەرگە و شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانە، جا بەھەر سیناریۆیەك بێت. 

پەرلەمانتارێكی یەكێتیش یەكێك لە سیناریۆكان بۆ كورد بە گونجاو دەزانێت، بەڵام رای وایە ئەو سیناریۆیە سەركێشی تێدایە.

سیناریۆی یەكەم؛ بریتیە لە تەرخانكردنی 14%ی بودجەی گشتی بۆ ھەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی  حكوومەتی عێراق.

دووەم سیناریۆ؛ ناردنی 17%ـه‌یه‌، بەو مەرجەی هه‌رێم تەواوی نەوتەكە رادەستی بەغدا بكات، بەلای پارتیيەوە گرنگ جێگیركردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەیە لە بودجە.

سیناریۆی سێیەم: جێگیركردنی 12.67%ـه‌، له‌گه‌ڵ ناردنی 317 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران, لەھەمان كاتدا ھەولێر لە فرۆشتنی نەوت ئازاد بێت، پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئەم سیناریۆیە بۆ كورد بە گونجاو دەزانێت.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ھەوڵدان بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2019 عێراق بۆ رێژەیەكی زیاتر له‌وه‌ی دیاریكراوه‌ بەرز بكەنەوە، بۆ ئەمەش بوونەتە خاوەنی یەك ھەڵوێست. هه‌رچه‌نده‌ پرۆژە یاساكە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ كراوە، بەڵام ھێشتا روون نییە پشكی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاساكه‌دا چی بەسەر دێت.

ئ. م