پۆلیس: رێژه‌ی تاوان له پارێزگای هه‌ولێر دابه‌زیوه
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به گشتی رێژه‌ی تاوان كه‌میكردووه و حاڵه‌ته‌كانی كوشتنی ژنانیش له ساڵی 2018 به به‌راورد به 2017 دابه‌زیوه.
رائید هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 30ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018، ئاماری تاوانه‌كانی ساڵی 2018ی هه‌ولێری پایته‌ختی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، به گشتی رێژه‌ی تاوان كه‌میكردووه.
گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئاماره‌كانی به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێك له تاوان خسته‌ڕوو، وه‌كو (كوشتن، خۆكوشتن، خۆسووتاندن، خۆكوشتنی ئافره‌ت به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، كوشتنی ژنان و دزیكردن) بوون.
ئاماره‌كانیش به‌م شێوه‌یه بوون:
كوشتن:
له ساڵی 2018، 44 حاڵه‌تی كوشتن تۆماركراون و 41 حاڵه‌تیان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه و ته‌نها 3 كه‌یس ماوه تاوانباره‌كانییان ده‌ستگیر بكرێن، ئه‌مه‌ش به به‌راورد به ساڵی 2017 رێژه‌كه دابه‌زیوه كه ساڵی پار 64 حاڵه‌ت تۆمار كراوه.
خۆكوشتن:
به گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر، له ساڵی 2018، ته‌نها 34 حاڵه‌تی خۆكوشتن تۆماركراوه، له‌وه‌ش 24 حاڵه‌تیان پیاو بوونه و 10 حاڵه‌تیش ژن.
خۆسووتاندن:
له سه‌رتاسه‌ری پارێزگای هه‌ولێر، وه‌ك پۆلیس باسی ده‌كات، ته‌نها 22 حاڵه‌تی خۆسووتاندن، تۆماركراوه، له‌وانه‌ش 16 حاڵه‌ت ژن بوونه و 6یان پیاو، ئه‌وه‌ش به هه‌مان شێوه رێژه‌كه‌ی له چاو ساڵی 2017 دابه‌زیوه، كه تێیدا 28 حاڵه‌تی خۆسووتاندنی ژنان تۆماركرابوو.
گوته‌بێژی پۆلیس هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه ژنان ئێستا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانییان په‌ناده‌به‌نه به‌ر یاسا و سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن.
خۆكوشتنی ئافره‌تان له‌سه‌ر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی:
وه‌ك له ئاماره‌كه‌ی پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ كراوه، 21 كه‌یس له ساڵی 2018 تۆمار كراوه و له‌و ژماره‌یه‌ش، 20 كه‌یسیان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه، ته‌نها 1 كه‌یس ماوه، ئه‌ویش لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون له‌سه‌ری به‌رده‌وامه.
كوشتنی ژنان:
له ساڵی 2018 ته‌نها 21 ژن كوژراون، ئه‌وه‌ش به به‌راورد به ساڵی 2017 كه‌میكردووه كه تێیدا 26 حاڵه‌ت تۆماركراوه.
دزیكردن:
819 حاڵه‌تی دزیكردن تۆماركراوه، له‌و ژماره‌یه 198یان حاڵه‌ته‌كانیان "دزی گه‌وره‌بوونه". 79یان دزینی ئۆتۆمبێل بووه.
گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر روونیشی كرده‌وه، نزیكه‌ی 542 حاڵه‌تی دیكه‌ی دزی هه‌بووه، كه هیچ كه‌س سكاڵای نه‌بووه، ته‌نها زانیاری‌یان داوه‌ته پۆلیس و حاڵه‌ته‌كان تۆماركراوه.
رائید هۆگر عه‌زیز ئاشكراشیكرد، له كۆی 198 حاڵه‌تی دزی، كه خاوه‌نه‌كانییان سكاڵایان هه‌بووه، 88%یان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه، ته‌نها 12% ماوه.
ئ. م