شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: له‌گه‌ڵ براده‌رانى يه‌كێتى له‌كه‌ركووك مامه‌ڵه‌ ناكه‌ين چونكه‌ ئه‌وان خيانه‌تيان كردووه‌

ده‌ستيان له‌ خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هه‌بووه‌ و ئه‌وان كه‌ركووكيان به‌م رۆژه‌ گه‌ياند

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا رايگه‌ياند، ئێمه‌ داوه‌تى يه‌كێتيمان له‌ كه‌ركووك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ى له‌ كه‌ركووكن، خيانه‌تيان كردووه‌ و ئه‌وان هۆكارى ئه‌وه‌ن ره‌وشى كه‌ركووك به‌م رۆژه‌ بگات و كه‌ى خه‌ڵكى دڵسۆز و نيشتمان په‌روه‌ر هاتنه‌ سه‌ر شانۆكه‌، له‌گه‌ڵيان داده‌نيشين.

ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ژماره‌يه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ كۆنووسێكيان ئاماده‌ كردووه‌ و بڕياره‌ له‌ 8ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2019 بڕيارى له‌سه‌ر بدرێت.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا بۆ كوردستان24 گوتى: كۆبوونه‌وه‌ى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ دوورخستنه‌وه‌ى رێبوار تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ زه‌مينه‌ سازى بۆ كراوه‌.

گوتيشى: پرسى ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك گشتگيره‌، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بوو، چۆن بكرێت لايه‌نه‌ سياسييه‌كان يه‌كده‌نگ بن له‌سه‌ر ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شاره‌كه‌ و ئێمه‌ به‌رده‌وام وتوومانه‌ ده‌بێت ره‌وشى عه‌سكه‌رتاريه‌تى كه‌ركووك كۆتايى پێبێت و ئه‌و داگيركارييه‌ نه‌مێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ دوو نوێنه‌رى يه‌كێتى كه‌ به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كه‌ركووكيان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمان كردووه‌، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا گوتى: پێويسته‌ يه‌كێتى روونكردنه‌وه‌ بدات سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك.

روونيشيكرده‌وه‌، به‌شێك له‌ توركمان و عه‌ره‌بيش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ برايه‌تى كه‌ركووك بكرێت بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى ره‌وشى كه‌ركووك.

هه‌روه‌ها گوتى: رێبوار تاڵه‌بانى له‌ پۆستى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت تا دۆخى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

له‌ باره‌ى به‌شدارى نه‌كردنى يه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كه‌ركووك بۆ تاوتوێكردنى ره‌وشى شاره‌كه‌، كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، گوتى: يه‌كێتى داوه‌ت نه‌كرابوو بۆ به‌شداريكردن، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وابوو، ئه‌و نوێنه‌رانه‌ى يه‌كێتى له‌ كه‌ركووك ئه‌گه‌ر بێن سووديان نييه‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ كه‌ركووكن هه‌مان ئه‌و سه‌روچاوانه‌ن، كه‌ركووكيان ته‌سليم كرد و كه‌ركووكيان به‌م ره‌وشه‌ گه‌ياند. بۆيه‌ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ ناكه‌ين. له‌ ئاستى سه‌ركردايه‌تى مه‌كته‌بى سياسى هه‌ردوولا قسه‌يان كردووه‌ و تا راده‌يه‌كى باش تێگه‌يشتن هه‌يه‌. به‌ڵام له‌ باره‌ى ئه‌و براده‌رانه‌ى كه‌ركووكه‌وه‌ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ ناكه‌ين و له‌گه‌ڵيان دانانيشين، ده‌ستيان هه‌يه‌ له‌ خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، تا ئه‌و كاته‌ى خه‌ڵكێكى دڵسۆز و نيشتمانپه‌روه‌رى كه‌ركووك بێنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ين.

له‌ باره‌ى به‌شدارى نه‌كردنى كۆمه‌ڵى ئيسلاميشه‌وه‌، گوتى: ئه‌وان نه‌يانووتووه‌ به‌شدارى ناكه‌ين، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تييان هه‌بووه‌، ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بوونه‌.

ئه‌مڕۆ لایەنەكانی كەركووك داوايان كرد، دۆسیەی ئەمنی و ئیداری شارەكە رادەستی كەركووكییەكان بكرێت و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شه‌عبى لەو شارە بكشێنەوە.

دوای كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كەركووك لە ھەولێر، كەمال كەركووكی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی رایگەیاند، پارتی ئامادە نییە بەبێ ئاڵای كوردستان بگەڕێتەوە و لە ئاستی باڵاش لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە.