لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك هاوڕانین

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پرسی کەرکووك و بەغدا و هەولێر بە یەك پاکێج یه‌كلابكاته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووك، هاوڕان لە سەر ئەوەی بارودۆخی کەرکووك ئاساییبکرێتەوە، بەڵام لە جۆر و شێوازی رێککەوتنەکە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و هەریەکەیان ئۆباڵی بەردەوامبوونی کێشەکان دەخەنە ئەستۆی ئەویتر.

یەکێتی کە خاوەنی نیوەی کورسيیەکانی پەرلەمانە لەو شاره، زۆرترین ڕەخنەکان رووبەڕووی ئەوان دەکرێتەوە كه دەیانەوێت کێشەی کەرکووک و بەغدا و هەولێر، بە یەك پاکێج چارەسەر بکرێن.

باس و خواسی خەڵکی كه‌ركووك، ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەیانە، ئەگەرچی بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵی زۆر هەن، بەڵام  هێشتا بەرهەمی گفتوگۆکان دیارنین و نازانرێت، تا چەندی دیکە رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت، لایەن و پێکهاتەکانیش هەریەکە و بە تێڕوانینی جیاوازی خۆی هەوڵی چارەسەر دەدەن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نیوەی کورسییەکانی پەرلەمانی لەوشاره بەدەستهێناوە، دەیەوێت کێشەی کەرکووك و پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم بەیەک پاکێج گفتوگۆ بکات.

ئاساییبوونەوەی رەوشی کەرکووك، بەلای کوردەوە، گەڕانەوەی دۆخەکەیە بۆ پێش 16ى ئۆکتۆبەر، ئەگەرچی ئەمە ئاسان نابێت، بەڵام دەوترێت ئەستەمیش نییە، چونکە لە رابردوو، کورد لەوە خراپتری تێپەڕاندووە.

شاری كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به‌ رێككه‌وتنی ژێر به‌ ژێری چه‌ند به‌رپرسێكی دیاری یه‌كێتی، راده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شد و هێزه‌ عێراقییه‌كان كرا، تا ئێستاش ره‌وشی شاره‌كه‌ ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

ئ. م