فراکسیۆنەکان داوای پهلهكردن له پێكهێنانی حكوومهت دهكهن
K24 - ههولێر:
سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی كوردستان داوای پهلهكردن له پێكهێنانی كابینهی نۆیهم دهكهن. یەکێتی لەگەڵ زوو پێکهێنانی حکوومەتە بەڵام بە مەرجی رێککەوتنێکی تازە لەگەڵ پارتی.
فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت پەیاممان داوەتە هەموو فراکسیۆن و لایهنه سیاسییهكان بۆ ئهوهی پهله له پێكھێنانی حكومهتی نوێ بكرێت.
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکوومەت دەبێت، بەڵام فراکسیۆنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، 90 رۆژیش بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن تێپەری کرد.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی پەلەکردن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داوەتەوە لایەنەکان پەرلەمانتارێکیش دەڵێت ژمارەی کورسیمان لەگەڵ لایەنەکان نەکردوەتەوە پێوەر هەنگاوی باشیش دەنین تا بهم نزیکانە بگەینە رێککەوتن.
گرفتی سەرەکی بەردەم پێکنەهێنانی حکوومەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی دایە، یەکێتی دەڵێت ئێمەش پەلەمانه بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام بۆچوونمان لەگەڵ پارتی جیاوازە و دەبێت رێککەوتنێکی تازە لە گەڵ پارتی ئیمزا بکەین.
دانیشتنە کراوەکەی پەرلەمان دەستی پەرلەمانتارانی بەستووە تا لە رووی یاسایيەوە هەوڵی پێکهێنانی حکوومەت بدەن، فراکسیۆنی کۆمەڵی پەلەیەتی لە پێکهێنانی حکوومەت هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتيش بۆ رێکنەکەوتنی براوەکانی هەڵبژاردن دەگەڕێنێتەوە.
بەپێى زانیاریيەکانی کوردستان 24، لەم نزیکانە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی دهستپێكردنهوهی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆدەبێتەوە، رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتیش تا ئيستا دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونێکی یەکێتی، کە دەیەوێت لەگەڵ پارتی لەسەر کەرکووك و بەغدا و پۆستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک پاکێج بێت.