تورکیا داوایەکی ئەمەریکای رەتکردەوە

واشنتن و مۆسکۆ لەسەر رازیکردنی ئەنقەرە لە جەنگدان

K24 – هه‌ولێر:

ئەمەریکا نەیتوانی تورکیا لە کڕینی سیستمی ئێس 400ی رووسی پەشیمان بکاتەوە چونکە "ئەنقەرە پارەی ئۆفەرەکەی ئەمەریکای بەدڵ نەبووە"

ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاشکرایکردووە، ئەمەریکا قایل بووە بەوەی 80 مووشەکی پاتریۆت Patriot MIM ، 104 جی ئی ئێم GEM-T، 60 MSE  بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت, بەڵام ئەوەی ئێستا کێشەیە لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا ئەوەیە، ئەنقەرە داوا دەکات داشکاندن لە نرخ و پارەی گواستنەوەی تەکنەلۆژیاکانی بۆ کرێت.

یەکێک لە کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لە چەند ساڵی رابردوو بریتی بووە لەوەی، تورکیا بڕیاری کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس – 400ی رووسی داو و بۆ ئەوەش لەگەڵ مۆسکۆ رێککەوت.

لەبارەی گفتوگۆکانی واشنتن و ئەنقەرە لەسەر کڕینی پاتریۆتی ئەمەریکی، دیمتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاندووە، کڕینی سیستمی مووشەکیی پاتریۆت، هیچ پەیوەندییەکی بە فرۆشتنی سیستمی ئێس- 400ی رووسی نییە و مۆسکۆ و ئەنقەرە لەسەر جێبەجێکردنی گرێبەستەکان بەردەوام دەبن.

پێشتر چەند رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئەوەیان بڵاوکردبووەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی جێهێشتنی سووریا لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ کڕینی مووشەکی پاتریۆت لەلایەن تورکیاوە دەگەڕێتەوە.

سەرچاوە: Sputnik

H.J