زیاتر له‌ ملیۆنێك قوتابی به‌شداریی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌ن

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ داوایه‌ك له‌ قوتابیان و كه‌سوكاریان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ سبەى دووشەممە ڕێکەوتى 7/1/2019، لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان و بە بەشدارى زیاتر لە ملیۆنێک و سەد هەزار قوتابی لە قۆناغى چوارەمى بنەڕەتى بۆ 11ـى ئامادەیی، تاقیکردنەوەى کۆتایی وەرزى یەکەم/ خوولی یەکەمى پۆلە ناکۆتاکان دەست پێدەکات.

له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م/ خولی یه‌كه‌می پۆله‌ ناكۆتاكان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ قوتابیان ده‌كات، کاتەکانیان بەفیڕۆ نەدەن و ئەو ماوە کورتەى کە بۆ ئەم پڕۆسەیە دانراوە، دوور بکەونەوە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یاریکردن پێیان بۆ ئه‌وه‌ی نمرەى باش بەدەست بهێنن.

هه‌روه‌ها داوا لە خانەوادەى قوتابیان دەکات، لە ماڵەوە هەوڵى دروستکردنى کەشێکى ئارام بۆ منداڵەکانیان بدەن و پاڵپشتێکى بەهێزى دەروونى و پەروەردەییان بن و پاڵەپەستۆیان لەسەر دروست نەکەن و ڕەچاوکردنى کاتى پێویست بۆ خوێندن و خواردنى تەندرووست بۆ منداڵه‌كانیان بکەن.