هه‌سه‌ده‌ داوای روونكردنه‌وه‌ له‌ ئه‌مەریكا ده‌كات

ھیچ فەرمیان پێ نەگەیشتووە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكراتی كوردستان (هه‌سه‌ده‌) له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ سووریا داوای روونكردنه‌وه‌ له‌ ئیدارەی ترەمپ ده‌كات.

لەبارەی لێدوانەکەی ئەم دواییە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، سەبارەت بە نەکشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، تا ئەو کاتەی داعش لەناودەچێت و دڵنیابنەوە لەوەی کورد پارێزراو دەبێت، هه‌سه‌ده‌ رایده‌گه‌یه‌نێت "ھیچ شتێکی فەرمیان پێ نەگەیشتووە و چاوەڕێی روونکردنەوەی ئیدارەی ئەمەریکا".

بەدران چیا کورد، راوێژكاری سیاسی بەڕێوەبەری خۆسەر رایگەیاند: "تائێستا ھیچ شتێكی فەرمیمان لەبارەی مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا پێنەگەیشتووە، بەڵكو ئەوەی بیستوومانە تەنھا لە میدیاكان بووە لە زاری بۆڵتن، ئێمە ناتوانین بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو لێدوانە بكەین، چاوەڕێی ھەڵوێستی فەرمی ئیدارەی ئەمەریكاین كە روونكردنەوە بدات. بۆڵتن گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە توركیا دەیەوێت كورد بسڕێتەوە، بۆیە داوای گەرەنتی دەكات، بە بڕوای ئێمە توركیا لە داعش مەترسیدارترە".

ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا شاندێكی ئه‌مەریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مەریكا له‌ توركیایه‌ و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ كۆببنه‌وه‌ و دۆخی سووریا و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌و وڵاته‌ گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێت.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2198f161-7218-4761-8b2d-7027d8d3b197/010719YDS.ism/manifest

ھ.م