گه‌ڕی دوازده‌یه‌م به ئه‌نجامدانی ئه‌م 3 یارییه كۆتایی دێت
ئێواره‌ی هه‌ینی به ئه‌نجامدانی 3 یاری كۆتایی به گه‌ڕی دوازده‌یه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان دێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له كاتژمێر 2:00ـی پاشنیوه‌ڕۆ به كاتی هه‌ولێر ده‌كرێن.
ئارارات یاری لوتكه به‌رامبه‌ر هه‌ولێر ده‌كات
ئارارات دوای شكسته قورسه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی به‌رامبه‌ر شێروانه ئه‌مجاره‌یان به ده‌روونێكی خراپه‌وه به‌ره‌نگاری هه‌ولێر ده‌بێته‌وه و به‌هۆی سزایه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بۆ ئه‌م یارییه له هانده‌رانی بێبه‌شه، جیا له‌وه‌ش ئارارات له 3 یاری رابردووش دوو یاری دۆڕاندووه.
له به‌رامبه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوویان به‌رامبه‌ر ئاكرێ متمانه‌یان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ره‌نگه عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر هاوشێوه‌ی یاری رابردوو بۆ ئه‌م یارییه‌ش سوود له یاریزانانی به‌شداربووی خولی عێراقی یانه‌ی هه‌ولێر وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تی به‌شداریكردن به (دانا عوسمان و عه‌لی سه‌لمان) كه كلیلی سه‌ركه‌وتنی یاری رابردووی هه‌ولێر بوون.
هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه له كۆی 11 یاری، 2 بردنه‌وه، 7 به‌رامبه‌ربوون و 2 شكستی هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا ئارارات ئه‌م وه‌رزه 5 سه‌ركه‌وتن، 2 به‌رامبه‌ربوون و 4 شكستی هه‌یه، هێڵی به‌رگری یانه‌كه‌ش بۆته خاڵی لاوازی ئارارات له‌م وه‌رزه.
پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی رووبه‌ڕووی سه‌ركێشییه‌كانی شێروانه ده‌بێته‌وه
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دوای چوار شكستی له‌سه‌ریه‌ك له‌م گه‌ڕه میوانداریی شێروانه ده‌كات كه یانه كه‌لارییه 4 یارییه ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن ده‌گێرێت و هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك یانه‌یه‌ك راده‌ماڵێت.
وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ری یانه‌ی شێروانه ده‌یه‌وێت دۆخی خراپی ده‌روونی یاریزانه‌كان بقۆزێته‌وه و پێنجه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك تۆمار بكات و به بردنه‌وه له پێشمه‌رگه خۆی بخزێنێته‌وه نێو ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه و پله‌یه‌ك بۆ سه‌رووی ریزبه‌ندی خوله‌كه هه‌ڵبكشێت.
له به‌رامبه‌ر ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌هاوباشی له‌گه‌ڵ ستافی كارگێری یانه‌كه ماوه‌ی چوار رۆژه كار بۆ باشتركردنی ده‌روونی یاریزانه‌كانیان ده‌كه‌ن تا به‌ره‌و ڕێڕه‌وی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه، له به‌رامبه‌ردا شێروانه‌ش دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوویان له لایه‌ن ئیداره‌ی یانه‌كه سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان به بڕێك پاره خه‌ڵات كران و ئه‌وه‌نده‌یتر لایه‌نی ده‌روونیان به‌هێزتر كرا.
شێروانه و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی هه‌ریه‌كه‌یان له‌م وه‌رزه 17 خاڵیان كۆكردۆته‌وه و له پله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌می ریزبه‌ندی خولی نایابی كوردستان دێن، ئاماره‌كانی هه‌ردوویانه‌ش به ته‌واوه‌تی له‌یه‌كتر ده‌چێت، هه‌ریه‌كه‌یان 5 بردنه‌وه، 2 به‌رامبه‌ربوون و 4 شكستیان هه‌یه.
ئاكرێ و برایه‌تی به كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌بنه‌وه
ئه‌م دوویانه‌یه به زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ پێشوازییان له وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان كردووه، هه‌ردوو یانه‌ش ئه‌م وه‌رزه راهێنه‌ره‌كانیان گۆڕیوه.
برایه‌تی دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی یووسف كاكێ راهێنه‌ر، بۆ ئه‌م یارییه فاتیح حه‌مه‌خان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ئاكرێ ئه‌م وه‌رزه دوو راهێنه‌ری عه‌ره‌بی تاقیكردۆته‌وه هێشتا دۆخی یانه‌كه جێگیر نه‌بووه، سه‌رجه‌م كێشه‌كانیش بۆ هێڵی لاوازی به‌رگری و گۆڵپارێز ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له كۆی 11 یاری 26 جار تۆڕه‌كه‌یان هه‌ژێندراوه، ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كه.